دواکەوتنی بارانبارین نرخی کا دوو هێندە بەرز دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان نرخی کا 50% بەرز بووەتەوە. ئاژەڵفرۆشێک دەڵێت، دواکەوتنی باران هۆکارە.
لە هەرێمی کوردستان چەند جۆرێک کا دەفرۆشرێن، ئەوەی زۆرترین کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت 'فەردەی سپی قەپاخدارە'، ئەم ساڵ کاتی دروێنە نرخی دوو فەردەی لە نێوان 2 بۆ 2 هەزار و 500 دینار بوو، بێ قەپاخیش نزیکەی هەزار دینارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 04-12-2024، غوفران محەممەد، ئاژەڵدار و کافرۆش لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کا بەرزبووەتەوە، ئێستا دوو فەردە کای سەر بە قەپاخ دەگاتە 5 هەزار و 500 دینار".
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی گوتی، "دواکەوتنی بارانبارین و پەڵە، هۆکاری سەرەکییە. ئەگەر ئەم مانگە و مانگی داهاتوو بەفر ببارێت نرخەکە زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان، بەهۆی زۆری بارانی وەرزی بارینی رابردووەوە، ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم بەرهەم هەبوو. غوفران محەممەد دەڵێت، "بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ زۆرترین قەسەڵ کراوەتە کا".
قەسەڵ، دوای دروێنەی گەنم و جۆ کۆدەکرێتەوە و لە ئامێرێکی تایبەت بە ناوی "کا کوتان" دەکرێت و دەکرێتە کا.