رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی بۆردوومانەکەی شەوی رابردووی کەرکووک، کە 5 کەس تێیدا کوژران، بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، هێرشەکە وەکو هەنگاوێکی "بەرگری لەخۆکردن" لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە کراوەتە سەر "شوێنێکی هەڵدانی درۆن."
گرووپێکی چەکداری شيعە، کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، دەڵێت، پێنج ئەندامیان لە هێرشەکەدا کوژراون. ئەو گرووپە لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسیارێتیی خۆی لە دەیان هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەرێمی کوردستان، عێراق، رۆژئاوای کوردستان و سووریا راگەیاندووە.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، "هێرشێک بۆ بەرگری لەخۆکردن کرایە سەر شوێنێکی هەڵدانی درۆن لە سنووری کەرکووک" و "هەڕەشەیەکی مسۆگەری" کردە ئامانج.
سەباح عەلی، فەرماندەی فەوجی ئیمامی سوننەکان، ئێوارەی یەکشەممە 03-12-2023 لە دووبز بە رووداوی راگەیاند، "دوای بیستنی دەنگێکی بەرز لە سەنگەرەکانی سنووری خەرابەڕووت، چووینە شوێنی رووداوەکە و بینیمان ئۆتۆمبێلێکی لیوای 40ـی حەشدی شەعبی کراوەتە ئامانج و پێنج تەرم لە شوێنی رووداوەکە گوێزرانەوە."
سەباح عەلی گوتی، "هەریەک لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لە شوێنی رووداوەکەن و لەسەرەتای رووداوەکەدا تەنیا ئەوە زانراوە لە ئاسمانەوە کراونەتە ئامانج."
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی عێراقیش لە بەغدا گوتی، "درۆنێک پێگەیەکی گرووپی نوجەبای لە ناوچەی دووبز کردووەتە ئامانج."
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێنج ئەندامی لە کاتی "شەڕکردن دژی داگیرکاری ئەمریکی" کوژراون.
پۆلیس رایگەیاند، هەندێک پاشماوەیان لە شوێنی رووداوەکە دۆزیوەتەوە کە "پێدەچێت پاشماوەی درۆن بن."
هێرشەکە تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە هات کە محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاند، بەغدا "هەموو هێرشێک بۆ سەر خاکی عێراق" رەتدەکاتەوە، ئەوە وەک لە راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانیدا هاتبوو.
سوودانی هەروەها گوتبووی، حکومەتی عێراق پابەندە بە "مسۆگەرکردنی سەلامەتیی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق."
گرژییەکانی ناوچەکە
لەو کاتەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، شەپۆلێک لە گرژی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەنێویدا هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، (هەوڵی) هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کە پێیان وایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەمریکا مانگی رابردووش چەند هێرشێکی کوشندەی کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق.
هەروەها لە تشرینی یەکەمدا ئەمریکا لە سووریاش هێرشی کردە سەر گرووپە چەکارەکانی لایەنگری ئێران.
هێرشەکانی دژی سەربازانی ئەمریکی لە ماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەوە، بەڵام کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە لە رۆژی هەینی 1ی کانوونی یەکەمەوە مەترسیی هەڵچوونی گرژییەکانی لە ناوچەکە زیادکردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە، 76 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان، لە ئەنجامدا لانیکەم 60 سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون؛ هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی و بیانی لە لایەن حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە بە بارمتە گیران.
لە تۆڵەی ئەوەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 15 هەزار و 207 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە لانیکەم 6 هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریان ژنن، ئەمە وێڕای برینداربوونی سەرووی 40 هەزار و 650 کەسی دیکە کە 70٪یان منداڵن، بێسەروشوێنبوونی شەش هەزار و 800ی دیکە و ئاوارەبوونی 1.7 ملیۆنی دیکەیان.
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لە لایەن جووە هاوردەکانەوە.
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199 دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللـەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ