گوتەبێژی یەکێتی بۆ رووداو: دەستپێشخەریمان لە پارتی نەبینیوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیی حیزبەکەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی نیشاندا، بەڵام گوتی، "تائێستا بە کردەیی هیچ دەستپێشخەرییەکیان لە پارتی نەبینیوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 04-12-2022 سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتی ئامادەیە سبەی لە گەڵ پارتی دەست بە گفتوگۆ و کۆبوونەوە بکات بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان؛ پێیشی وایە، "تاوەکو پارتی و یەکێتی کۆنەبنەوە و گفتوگۆ نەکەن کێشەکان چارەسەر نابن."
بۆ شێوازی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان و حکومەت، لامەرکەزی، پرسی هەڵبژاردن، بودجە، دۆسیەی نەوت و هەندێ بابەتی دیکە وەکو سۆران جەمال تاهیر باسیکرد، "یەکێتی و پارتی روئیای خۆیان هەیە، رەنگە هەریەکەیان بیرکردنەوەی جیای هەبێ، یان رێکار و شێوازێک پێشنیاز بکات بۆ چارەسەر کە پێی وایە لە خزمەتی خەڵک و حکومەت و شەراکەتی حوکمڕانیدایە، ئەمە دەبێ گفتوگۆی وردی لەسەر بکرێت تا هەندێکی ئێمە و هەندێکی ئەوان لە دانوستاندندا بگەینە ئەنجامێکی هاوبەش و لە بەرژەوەندیی خەڵک و حکومەتدا بێت، مەرج نییە روئیای ئێمە یان پارتی لە هەموو ئەو بابەتانەدا دروستبێت، بەڵام لە نێوان هەردووکماندا دەبێ رێگەی هاوبەش بدۆزینەوە بۆ چارەسەر."
ئەمڕۆ یەکشەممە 04-12-2022 مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو حیزبی رکابەرین. هیوامان ئەوەیە واتای رکابەرێتی لەگەڵ دژایەتی و دووژمنایەتی تێکەڵ نەکرێت. هەندێکجار گوتار دەدرێت یان هەندێک چاوپێکەوتن دەکرێت کە ناچنە خانەی کێبڕکێوە و بە رقێک دەچێت کە بتەوێ لە میدیاوە بیگەیێنیت بە بەرامبەرەکەت."
بڕیاربوو دوای کۆنگرەی 14، پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام تائێستا ئەو سەردانە دەستی پێ نەکردووە. مەحموود محەممەد دەڵێت، "کۆمەڵێک بڕیاری کۆنگرە و کۆمیتەی ناوەندی هەن بۆ خستنە سەرپێی دامەزراوەکان و دەبێت جێبەجێ بکرێن. دواتر دەستدەکەین بە سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان."
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، "تائێستا لە پارتییەوە پێشنیاز یان دەسپێشخەرییەک بە یەکێتی نەگەیشتووە و بڵێ لەبارەی ئەم بابەتانە ئامادەین با دەست بە کۆبوونەوە بکەین."
لەبارەی گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، "ئەوە تایبەتە بە خۆی، بەڵام کەی نیگەرانییەکانی رەوینەوە و رێککەوتن لەسەر هەندێک کێشە کرا، ئەوکات قوباد تاڵەبانیش دەست بە کاری خۆی دەکاتەوە."