جارێکی دیکە سەربازگەی تورکیا لە زێلکان بە کاتیۆشا کرایە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی میحوەری هێزەکانی پێشمەرگە لە رۆژھەڵاتی دیجلە دەڵێت، بە هەشت کاتیۆشا سەربازگەی تورکیا لە زێلکان بۆردوومانکرا. ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردووش بە دوو کاتیۆشا سەربازگەکە کرابووە ئامانج. 
 
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری هێزەکانی پێشمەرگە لە رۆژھەڵاتی دیجلە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەشت کاتیۆشا ئاراستەی سەربازگەکە کراون لە گوندی دەراویش لە سنووری موسڵ. 
 
وەک بەرپرسی میحوەری هێزەکانی پێشمەرگە لە رۆژھەڵاتی دیجلە دەڵێت، کاتیۆشاکان بەر خاڵێکی پاسەوانی سەربازگەکە کەوتوون کە لە دەوروبەری سەربازگەکەن. دەشڵێت: تورکیا وەڵامی بۆردوومانەکەی بە چەکی دۆشکە داوەتەوە.
 
لەبارەی زەرەر و زیانەکانەوە، سەربەست بابیری دەڵێت، تاوەکو ئێستا زەرەر و زیانەکان "نازانین"، چونکە کاتیۆشاکان خاڵێکی پاسەوانی تورکیای کردووەتە ئامانج و لە نزیک ناحیەی باشیک کەوتوونەتە خوارەوە. 
 
عەمید فەقێ دۆڵەمەڕی، ئامر لیوای حەوتی هێزەکانی پێشمەرگە بە رووداوی گوت، تورکیا بە شەش گولـلەتۆپ وەڵامی بۆردوومانەکەی داوەتەوە. 
 
عەمید فەقێ دۆڵەمەڕی گوتیشی، پێنج لە کاتیۆشاکان لە دەوروبەری سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە، "ھیچ زیانیان نەبووە و ئامانجی بۆردوومانەکە خاڵێکی سەربازی تورکیا بووە لە چیای باشیک نەک سەربازگەی زێلکان." 
 
لە ماوەی 24 کاژێردا ئەمە دووەم جارە ئەو سەربازگەیەی تورکیا بۆردوومان دەکرێت. جاری پێشوو گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبی بەرپرسیارێتی خۆی لە بۆردوومانەکە راگەیاند. 
 
لەبارەی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆوە، محەممەد ئەمین غەریب، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتیۆشاکان نەگەیشتوونەتە سنووری ناحیەکەیان و لە نزیک باشیک کەوتوونەتە خوارەوە. 
 
لە ساڵی 2022دا، زیاتر لە 10 جار سەربازگەی تورکیا لە زێلکان بۆردوومان کراوە.
 
سەربازگەی تورکیا لە زێلکان لە ساڵی 2015ـەوە دروستکراوە و دەکەوێتە بناری چیای مەقلووب لە دەشتی نەینەوا.