کاتی وەرگرتنی پارە لە حاجیان درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە دوایین کات بۆ پێدانی یەکەم گوژمەی پارەی چوونە حەج ئەمڕۆ بوو بۆ ناویان بۆ حەج دەرچووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە رایگەیاند، کاتەکە بۆ 12ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، هەرکەس پارە نەبات کەسێکی دیکە دەخرێتە شوێنی.
ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوهبهرایهتی گشتیی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان رایگەیاند: "لە پێناو بهرژهوهندیی گشتی، وهرگرتنی گوژمهی یهكهمی پارهی حاجیان تاوهكو سێشەممە، 12ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە".
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکەی وەزارەتمان بۆ ئەو هاووڵاتییانەیە تاوەکو ئەمڕۆ نەیانتوانیوە گوژمەی یەکەمی پارەکە بدەن و لە بەرژەوەندی گشتییە".
هەر ئەمڕۆ کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەو کاتەی دیاریکراوە هەرکەس گوژمەی یەکەمی پارەکە رادەست نەکات، بەگوێرەی ریزبەندی کەسێکی یەدەگ دەخرێتە شوێنەکەی و کاتەکە درێژ ناکرێتەوە".
ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەرچووە، دەتوانن لە رێگەی نووسینگهكانی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان له ههولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، زاخۆ، سۆران، راپەڕین و گەرمیان پسوولە وەربگرن و پارەکە رادەستی بانک بکەن.
هەرکەسێک بچێت گوژمەی یەکەمی پارەکە بدات، دەبێت خۆی ئامادە بێت و پاسپۆرتەکەشی پێبێت.
تاوەکو ئەمڕۆ نرخی حەجی ساڵی 2025 دیاری نەکراوە و هەرێمی کوردستان چاوەڕێی حکومەتی عێراقە نرخەکە دیاری بکات.
پشکی حەجی 2025 بەراورد بە ئەم ساڵ زیاد کرا کە پار 4174 کەس ناویان دەرچووبوو. لە 25-09-2024 تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو. لە تیروپشکەکەدا 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.