بارانبارین ئاستەنگی هاتووچۆی لە دەروازەی کێلێ دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی دوو رۆژی رابردووەوە ئاستەنگ لە دەروازەی کێلێ لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دروستبووە.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی ئیدارەی راپەڕین ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانە 120 بۆ 170 بارهەڵگر لە دەروازەی کێلێوە دەچنە ئێران بار دەهێنن، بەڵام بەهۆی خراپیی رێگەکە و قوڕەوە ئەمڕۆ تەنیا 20 بارهەڵگر بە زەحمەت خۆیان گەیاندووەتە ئەودیو."
پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی گوندی دارەشمانە بۆ قەڵادزێ کێشەی شۆفێرانی ئەو دەروازەیە چارەسەر دەکات. عەباس عەزیز دەڵێت، "رێگەکە دراوەتە وەبەرهێنەر و پێنج مانگە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، بەڵام کەمتر لە 200 مەتریان قیرتاوکردووە."
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین گوتیشی، وەبەرهێنەری پڕۆژەکە دەڵێت پارەی بۆ خەرج ناکرێت بۆیە بە سستی کارەکانی پڕۆژەکەی بەڕێوە دەبات.
بەهۆی قوڕ و دەرنەچوونی ئۆتۆمبێلەکانیان، ئەمڕۆ بەشێکی شۆفێرانی دەروازەی کێلێ گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان بەڕێوەبرد و داوایان کرد، هەرچی زووە کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە؛ پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان؛ باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
هەروەها دەروازەکانی کێلێ لە سنووری پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین؛ سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە هەن کە نێودەوڵەتی نین.