کەشناسیی هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆش بارانبارین بەردەوام دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شەوی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆش بارانبارین لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. کەشناسێک دەڵێت، شەوی سێشەممە ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت، هەندێک کاتیش دەبێتە تاوەباران و برووسکەی لەگەڵ دەبێت. بۆ ئێوارە لاواز دەبێت و دەبێتە نمە بارانی پچڕ پچڕ."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە دوێنی، ئەمڕۆ پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێت و سبەی وەکو ئەمڕۆ دەبێت. راشیگەیاندووە، "سبەی نمەبارانی کەم لە ناوچە جیاکان دەبارێت، بۆ ئێوارەکەی لاواز دەبێت."
 
هەر ئەمڕۆ ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانبارینی ئەمڕۆ زیاتر لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک دەبێت."
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، سبەی تاوەکو ئێوارە شەپۆلی بارانبارین بە تەواوی لاواز دەبێت و لە شەوی سێشەممەدا کۆتایی دێت. گوتیشی، "لە چوارشەممەوە پلەی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکات."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 19 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 17  پلەی سیلیزی
زاخۆ: 17 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی