کشتوکاڵی سنە: ئەمساڵ 340 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمدێت
رووداو دیجیتاڵ
دەشتەکانی ناوچەی بانلەیلاخی شاری دێولان بە جەمسەرێکی گرنگی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەموو ئێران دادەنرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سنە پێشبینیکردووە، ئەمساڵ 340 هەزار تۆن پەتاتە لەو پارێزگایە بەرهەمبێت، 8 هەزار تۆن لە ساڵی رابردوو زیاترە، بەڵام جووتیاران دەڵێن، بەرهەمیان کەمبووەتەوە.
لە یەک ملیۆن و 220 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی پارێزگای سنە، ئەمساڵ 340 هەزار هێکتاری کراوەتە پەتاتە. لە پارێزگای سنە، زیاتر لە شارەکانی قوڕوە و دێولان پەتاتە بەرهەمدێت و 95%ی زەوییەکانی ئەو دوو شارە دەکرێتە پەتاتە.
بەپێی ئامارەکانی کشتوکاڵی سنە، ئەمساڵ داهاتی هەزار و 800 خێزانی جووتیاری ئەو پارێزگایە لەسەر پەتاتەیە. دوو هەزار و 500 کرێکاریش بەشێوەی وەرزی کاری تێدا دەکەن. بەشێوەی مامناوەندی هەر هێکتارێک 40 تۆن بەرهەمی پەتاتەی دەبێت و هەلی کاری کاتی بۆ 20 تاوەکو 30 کەس دەڕەخسێنێت.
وەرزی هەڵگرتنەوەی سەرەتای پاییز دەستپێدەکات و تاوەکو نێوەڕاستی وەرزەکە بەردەوام دەبێت. ئەمساڵ نرخەکەی لەچاو ساڵی رابردوو 20% بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەستەمە بتوانێت بۆ گیرفانی جووتیار و کرێکاران، قەرەبووی زۆری رێژەی هەڵاوسانی نرخی شتوومەک و پێداویستییەکانیان بکاتەوە.