ئەم مانگە مووچەی بەشێك لە خانەنشینان کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە مووچەی مانگی حەوت، بۆ مانگی هەشت پارەی کەمتریان وەرگرتووە. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت، مانگی پێشوو زیاتر لە مافی خۆیان وەرگرتووە، بۆیە لێیان بڕدراوە.
ئەمڕۆ هەینی 04ـی ئۆکتۆبەری 2024، خانەنشینانی سەربازی و شارستانی مووچەی مانگی هەشتیان لە هەرێمی کوردستان وەرگرت و پرۆسەکە بەردەوامە.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەندێک لە خانەنشینان ناڕەزاییان دەربڕیوە گوایە لێیان بڕدراوە، بەڵام وانییە و مانگی پێشوو زیاتر لەوەیان وەرگرتووە کە مافیان بووە و ئەو زیادە بڕدراوە".
مانگی تەمموز بۆ یەکەمجار خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکراوی وەکو خانەنشینانی عێراق مووچەیان وەرگرت. سادق عوسمان دەڵێت: "لە لیستی خانەنشیناندا هەندێک هەڵە کرابوو، بەشێکی خانەنشینان مووچەیان زیاتر لەوەی مافیانە زیادیکردبوو، ئەم مانگە هەموو ئەوانە چاککراونەتەوە".
سادق عوسمان گوتیشی: "خانەنشینان بە بڕی جیا پارەیان بۆ زیادکرابوو بە هەڵە نەک مافەکەی خۆیان، هەبوو 100 هەزار و هەشبوو 500 هەزار دیناری زیادی وەرگرتبوو".
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی گوتیشی، بۆ مووچەی مانگی تەمموز بەشێکی خانەنشینان پێچەوانەی بەشەکەی دیکە کەمتر لە مافی خۆیان پارەیان وەرگرت و ئەم مانگەش هەر کەمتر وەردەگرن و کێشەکەیان چارەسەر نەکراوە.
سادق عوسمان گوتی: "ئەوانەی لە هاوتاکردنەکەدا مووچەی کەمتر لە مافی خۆیان وەردەگرن، بۆ مانگی نۆش هەر بەو شێوەیە وەریدەگرن چونکە لیست نێردراوە، بەڵام بۆ مانگی 10 کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت".
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەمموزی ئەم ساڵ جێبەجێ نەکرا.
پێشتر کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار بوو. بەگوێرەی یاساکە کەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە.
بەگوێرەی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینار بوو، دوای هاوتاکردن لانیکەم بووە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەشێکیشیان بووە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بە ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن. تاوەکو ئەمڕۆ هاوتاکردنەکە بۆ خانەنشینانی سەربازیی جێبەجێ نەکراوە.
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.