شەفافیەت: داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی نزیکەی 15 ملیار دینار کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 11 ملیار دینار بووە؛ و بەراورد بە هەفتەی پێشتر 55% کەمیکردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە رێککەوتی 28-09-2024 تاوەکو ئەمڕۆ هەینی 04-10-2024 واتە لە ماوەی هەفتەیەکدا 11ملیار و 766 ملیۆن و 348 هەزار و 595 دینار بووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەی پێشووی هەمان سنوور، 26 ملیار و 415 ملیۆن و 340 هەزار و 328 دینار بووە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ی بەرزکردووەتەوە.