رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، بڕیاریداوە رۆژی یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەم لە شاری ئامەد بە دروشمی "ئازادی" گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رێکبخات.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی رۆژی پێنجشەممە 3ی تشرینی یەکەم لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی پارتەکەی لە شارۆچکەی قەلقەلی سەر بە پارێزگای وان گوتارێکی پێشکەشکرد و داوای لە خەڵکی کرد بەشداری لەو گردبوونەوە جەماوەرییەدا بکەن.
بوڵدان ئاماژەی بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد، کە لە مانگی شوباتی ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی ئیمراڵی بەندکراوە و گوتی: "ئێمە لە قۆناخێکدا دەژین کە گەلی کورد و بەتایبەت دەم پارتی لەژێر گوشاردایە و ستەمی حکومەت تائێستاش بەردەوامە. ناتوانین لە قۆناخێکدا باس لە پرۆسەیەکی نوێ بکەین کە گفتوگۆکان بلۆک کراون. تاوەکو ئەمڕۆش زیندانییە نەخۆشەکان لە زیندانەکاندا گیانی خۆیان لەدەست دەدەن، هەر دوێنێ بوو زیندانییەکی خەڵکی مێردین گیانی لەدەستدا. هەر بۆیە بۆ ئێمە سەردەمێکی نوێ نییە، قۆناخێکی نوێ نییە".
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتیشی: "ئەگەر تورکیا پرۆسەیەکی دیموکراتیزەکردنی وەک ئامانجی خۆی دانابا، ئەوانەی بە ناڕەوا و نایاسایی لە زیندانن ئازاد بکرابان، زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد کرابان، گۆشەگیری هەڵبگیرایە، پارێزەران و خێزانەکەی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان دیداریان بکردایە، ئەو کاتە دەڵێین بەڵێ ئەم وڵاتە هەنگاوێکی نوێی ناوە لە بواری دیموکراسیدا".
بوڵدان داوای لە لایەنگرانی دەم پارتی کرد، بەشداری لەو گردبوونەوەیە بکەن، کە لە 13ـی ئەم مانگە لە ئامەد دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەڕێوەدەچێت.
پرۆسەی چارەسەرکری پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا ساڵی 2013 دەستیپێکرد و لە ساڵی 2015ـدا کۆتاییهات. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا دوای شکستی پرۆسەکە رایگەیاند، کێشەی کوردیان چارەسەر کردووە و پرۆسەی چارەسەرییان خستووەتە نێو بەفرگرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ