کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوت: هەرێمی کوردستان یەک ملیار دۆلار قەرزدارمانە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئاپیکور) باسی کارەکانیان لە بەرهەمهێنانی نەوت و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات و دەڵێت "هەرێمی کوردستان یەک ملیار دۆلار پارەی بەرهەمهێنانی نەوتمان قەرزارە و ئەگەر پارەکەمان پێنەدرێتەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەینەوە."
 
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئاپیکور)، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کاژێر 10:00ـی رۆژی چوارشەممە، 04-10-2023، لەگەڵ ئارێز خالید، بێژەری رووداو رایگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئاپیکورەوە سێ مەرجیان هەیە، دەبێت هەناردەی نەوت لە بۆری عێراق - تورکیا دەستپێبکاتەوە، دووەم مەرجیشە، سەرجەم ئەو پارەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاریانە بیگەڕێننەوە و مەرجی سێیەمیش رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نوێیە لەنێوان ئەوان و عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی کارەکانیان لەداهاتوودا. 
 
بە گوتەی مایڵز کاگینز، بەرهەمی نەوت نزیکەی 80٪ـی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، ئێستا ئەو بەرهەمی نەوتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتانی جیهان ناکرێت. 
 
گوتەبێژی ئاپیکور، جەختی لەوەکردەوە، هەریەکە لە کۆمپانیاکان لەسەر رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت رێککەوتنی جیاوازییان هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 10٪ـی موڵکانەی نەوتەکە دەبات، بەمەش هەرێمی کوردستان "داهاتێکی زۆر"ـی دەستدەکەوێت و لەبەرامبەریشدا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت پارەیەکی زۆریان بۆ نامێنێتەوە.
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا و ئەنقەرە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، مایڵز کاگینز رایگەیاند، "پشتیوانیی هەموو ئەو گفتوگۆیانە دەکەین و بە وردی چاودێریی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەی نەوت دەکەین لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەڕێگەی تورکیاوە." دەشڵێت، ئەوان دەیانەوێت ئابووری کوردستان لە باشیدا وەکو بۆمبێک بتەقێتەوە، چونکە ژێرخانەکەی هیچی کەمتر نیە لە دوبەی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: لە راگەیێندراوەکەتانەوە دەستپێدەکەم. پێشتر دەتانگوت ناتوانین دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەینەوە، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆری ئێمەی لایە. ئەمڕۆ لە راگەیێندراوەکەتاندا هەمان قسەتان دووبارە کردووەتەوە و شتێکی دیکەتان زیادکردووە و دەڵێن، دەبێ بزانین ئەو گرێبەستانەی کراون چۆن لەمەودوا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. کەی دەست دەکرێتەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەندە پارەتان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە؟
 
مایڵز کاگینز: بەیانی باش، زۆر سوپاس، سەرەتا دەمەوێت بینەرانی رووداو بزانن کە کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئاپیکور)، سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی قوربانییانی رووداوەکەی موسڵ دەکەن هەواڵەکانمان بینی سەبارەت بەو ئاگرەی کە لە ئاهەنگی نێو هۆڵێک لە موسڵ روویدا و نزا بۆ مردووان و هەروەها کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە دەکەین. ئێستا تۆ سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت قسە و پرسیار دەکەیت، با پێت بڵێم کە کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئاپیکور)، چاودێری گفتوگۆکانی نێوان بەغدا - ئەنقەرە و بەغدا - هەولێر دەکەن، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دەکەین  و هەندێک زانیاریی نوێم لە لایەن (ئاپیکور)ـەوە هەیە، سەرەتا ئێمە رایدەگیێنین کە کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئاپیکور)، بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزیان هەیە کە دەبێت وەریگرنەوە، با روونی بکەمەوە، کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئاپیکور)،  لە نێوان تشرینی دووەمی 2022، تا ئاداری 2023، نەوتی بەرهەمهێناوە و ئاپیکور پارەی بەرهەمهێنانی ئەو نەوتەی وەرنەگرتووە، بەر لەوەی کۆمپانیاکانمان بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمهێنانی تەواوی نەوتەکە دەبێت ئێمە ئەو بڕە پارەیە وەرگرینەوە، ئەوە پارەی ئێمەیە و لەسەر بنەمای پابەندبوون بە گرێبەستی نێوانماندایە، ئەوە رێککەوتنێكە لەسەر بنەمای چەند گرێبەستێك کە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتییەوە دانیان پێدانراوە.

 

رووداو: کەواتە ئێوە هەتا قەرزەکەتان وەرنەگرنەوە ئامادە نین دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە؟
 
مایڵز کاگینز: ئەوە راستە ئێمە دەست بە بەرهەمهێنانی تەواوی نەوتەکە لە هەرێمی کوردستان ناکەینەوە، مەگەر سێ مەرجمان جێبەجێ بکرێن، یەکەم، دەبێت بۆڕی نەوتی عێراق تورکیا دووبارە بکرێتەوە.
دووەم، دەبێت ئێمە پارەکانمان وەرگرینەوە؛ مەرجی سێیەمیشمان بۆ دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنانی تەواوی نەوتمان بریتیە لە بوونی لەیەکتێگەیشتنێکی روون لەسەر پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارە لە داهاتوودا، کۆمپانیاکانمان پێویستیان بەوەیە بزانن بەغدا و هەولێر چۆن لەسەر پێدانی پارەی نەوتی بەرهەمهێنراومان لە داهاتوودا رێکدەکەون.
 
رووداو: ئێوە لەگەڵ ئەو گرێبەستانەی کە پێشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەتانبووە کێشەتان هەیە؟ دەتانەوێت بگۆڕدرێن؟
 
مایڵز کاگینز: هەر ئەندامێكی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، رێککەوتنی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆیە بۆ هەر کۆمپانیایەک رێککەوتن و مەرجی تایبەت بە خۆی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەو رێککەوتن و گرێبەستانە یاسایین. هەندێ نیگەرانی لە لایەن بەغداوە هەن باوەڕێک هەیە کە پارەی ئەو نەوتەی کە کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرهەمیدەهێنن، ناگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی عێراق تاوەکو دابەشبکرێت، رێگەم پێ بدەن بە ئێوە و بینەرانتان بڵێم کە کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئاپیکور) نزیکەی 50٪ـی ئەو نەوتە بەرهەم دەهێنن کە لە هەرێمی کوردستانەوە دێت، کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئاپیکور) رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن و هەر مانگێک کە ئێمە کار ناکەین یەک ملیار دۆلار زیان بە عێراقییەکان دەگەیێنێت. ئەو عێراقییانە خەڵکی بەسرە، میسان و هەروەها کوردن لە سلێمانی دهۆک، ملیارێک دۆلار نایەتە نێو گەنجینەی عێراقەوە و ناگاتە دەستی عێراقییەکان، ئەوەش لەبەر  ئەوەی ئێمە نەوت بەرهەم ناهێنین.
  
رووداو: گوتت ئەگەر یەک مانگ کار نەکەن، یەک ملیار دۆلار زیان بەر عێراق دەکەوێت. ئەی هەرێمی کوردستان چەندی بەردەکەوێت؟
 
مایڵز کاگینز: بەرهەمی نەوت نزیکەی 80٪ـی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و لەم کاتەدا نەوتی کوردستان هەناردەی بازاڕەکانی نەوتی جیهان ناکرێن. هەڵسەنگاندمان وەک کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئاپیکور)، هەروەها وەک گوێم لە بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، ئەو هەڵسەنگاندنی کرد و گوتی، مانگانە ملیارێك دۆلار ناگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و هەروەها هاووڵاتییانی دیکەی عێراق سوودی لێ نابینن. زیانێكی دیکە هەیە چەند هەزار کارمەندێك لە کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئاپیکور)، کاریان دەکرد و ئەوان ئێستا بێکارن، کرێکاری بیانیمان هەن کە لە هۆتێلدا و خانووەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین، ژمارەیەکی زۆری کرێکارە بیانییەکانمان گەڕاونەتەوە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆیە کاریگەری ئابووری زیاتر هەیە، کاتێك کۆمپانیاکانمان نەوت بەرهەمناهێنن، بارودۆخەکە پێویستی بەوەیە بەپەلە چارەسەر بکرێت، پێویستە دەست بکرێتەوە بە بەرهەمهێنانی تەواوی نەوت و لە بەرامبەردا کۆمپانیاکانمان چاوەڕێ دەکەن پارەی قەرزی خۆیان وەرگرنەوە کە نزیکەی ملیارێك دۆلارە.
 
رووداو: ئێوە تەنیا چاودێریی گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا دەکەن یان بەشداریشن لە دانوستاندنەکان؟
 
مایڵز کاگینز: بڕیارەکان لەلایەن سەرکردەی حکومەتەکانی ئەنقەرە، بەغدا و هەولێرەوە دەدرێن و کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان( ئاپیکور) هانی ئەو گفتوگۆیانە دەدەن، بەڵام هاوکات کۆمپانیاکانمان کۆبوونەوەی جیاجیا لەگەڵ سەرکردەکان لە بەغدا  و هەولێر و ئەنقەرە ئەنجامدەدەن، هەروەها کۆمپانیاکانمان کە سەر بە چەند وڵاتێكی دەرەوەن، ئەمریکا، نەرویج و بەریتانیا و کەنەدا و نوێنەرانی حکومەتەکانی ئەم وڵاتانە راگەیێندراو و لێدوانی جیاجیا دەدەن بۆ هاندانی هەناردەکردنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە.
 
رووداو: ئێستا کە وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاندووە بۆریی گواستنەوەی نەوت ئامادەیە، بۆچی هەناردەکردن دەستپێناکاتەوە؟ کێشەکە تەکنیکییە یان سیاسی؟ یان کۆمپانیاکانن؟
 
مایڵز کاگینز: ئەو خەڵکەی کە لە هەرێمی کوردستان و کار بۆ حکومەت دەکەن لەنێویاندا مامۆستا و پێشمەرگە، بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەوە لە نەهامەتیدا دەژین و کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئاپیکور)ـیش بەهەمان شێوە پارەیان وەرنەگرتووە و تاوەکو پارەی خۆمان وەرنەگرینەوە، دەست بە بەرهەمهێنانەوەی نەوت ناکەینەوە  و دەبێت لەیەک تێگەیشتنی روون لەنێوان کۆمپانیاکانمان لەگەڵ حکومەت لە بەغدا و هەولێردا هەبێت سەبارەت بە چۆنیەتی وەرگرتنی پارە لە داهاتوودا، هەر کاتێك ئەو مەرجانە جێبەجێ کران و ئەو رێککەوتنانە کران، ئەو کات ئێمە هیوامان وایە هەموو کەسێک بگەڕێنینەوە بۆسەر کارەکەی  و هاوکاردەبین لە راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە پیشەسازیی نەوت لە پلەی یەکەمدا دێت و ئەگەر نەوت سەرکەوتوو بێت هەموو چاوەکان تەماشای دەرفەتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
رووداو: کەواتە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کێشەی تەکنیکی و سیاسی نەماوە و تەنیا کێشەکە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستانە کە داوای پارە دەکەن؟ ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە؟
 
مایڵز کاگینز: کاتێك کۆمپانیاکانی ئاپیکور پارەی خۆیان وەرگرتەوە، ئەو کاتە تەنیا یەک مەرج بۆ بەرهەمهێنانەوەی تەواوی نەوتەکە دەمێنێتەوە، ئەویش بوونی رێککەوتنێكی روونە تایبەت بە شێوازی پێدانی پارە لە داهاتوودا چونکە نامانەوێت هەمان کێشەمان بۆ دووبارە ببێتەوە کە لە نێوان تشرینی یەکەمی 2022 و ئاداری 2023، روویدا  و تێیدا ئێمە لەو شەش مانگە هیچ پارەیەکمان وەرنەگرت؛ با هەموومان پێکەوە کار بکەین و رێگەیەکی روونمان هەبێت سەبارەت بە گرێبەستە یاساییەکان کە رێگە بە کۆمپانیا نێودەڵەتییەکانی نەوت و ئەوانەی ئاپیکور دەدەن، کار بکەن و  جارێكی دیکە ئابووری کوردستان بەهێز بکەنەوە.
 
رووداو: ئێوە ئامادەن لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت شەش دۆلار وەربگرن؟
 
مایڵز کاگینز: ئێمە چەند راپۆرتێکمان بینی کە باس لەوە دەکەن حکومەتی عێراق دەیەوێت خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ شەش دۆلار دابەزێنێت، لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکانمان هێشتا وەبەرهێنان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن بۆیە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان گرانترە کاتێك بە بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان لە باشوور بەراوردی دەکەیت لە بەسرە، میسان و زیقار، خەرجی بەرهەمهێنانیان کەمێك لەوەی کوردستان کەمترە چونکە ئەو کۆمپانیانە چەندین ساڵە دامەزراون، ئەوە بەشێكە لەو هۆکارەی کە کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئاپیکور)، دەیانەوێت رێککەوتنێکی روونیان هەبێت لەسەر چۆنیەتی  پارەدان بە ئێمە لە داهاتوودا، ئەوەش دەبێت بە جۆرێك بێت وەبەرهێنان لە کوردستان سوودبەخش بێت بۆ کۆمپانیاکانی کۆمەڵەکەمان، ئەگەر قازانج نەکەین ئەو کاتە کۆمپانیاکانمان ناچارن سەبارەت بە پرۆسەکانی داهاتووی بەرهەمهێنانی نەوت، بڕیاری قورس بدەن.
 
رووداو: بۆچی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زۆرترە؟
 
مایڵز کاگینز: لە باشوور پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی نەوت 20 - 30 ساڵە هەن و کار دەکەن بۆیە پارەی ئامێر و کەرەستە بەکارهاتووەکان دەرهێندراوەتەوە و ئەو پارەیەی کە ئێستا دەستیان دەکەوێت تەنیا قازانجە، بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئاپیکور)، هێشتا پارەی ئامێر و کەرەستەکانمان دەرنەهێناوەتەوە و دەبێت لە پارەکە دەری بکەین. زۆر گرنگە بەغدا و هەولێر ئەوە بزانن کە هەر کۆمپانیایەک بە ئاستێكی جیا لەوەی دیکە وەبەرهێنانی کردووە، بەڵام دواجار دەبێت قازانج بکەین و ئەگەر ئاپیکور قازانج بکات هەموو عێراق براوە دەبێت و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، لە جیهان بەهێز دەردەکەوێت چوونکە هەرێمی کوردستان نەوت بۆ بازاڕی جیهان، بەرهەمدەهێنێت. ئەو کاتە هەموو کەس و لایەنێك لە جیهان چاویان لە  هەواڵەکانی تایبەت بە کوردستان دەبێت تاوەکو بزانن چی روو دەدات، هەروەها نەوتی کوردستان دەکرێت کاریگەری لەسەر نرخی بەنزین لە ئەوروپا و ئەمریکادا دەبێت.
 
رووداو: ئایا ئێوە بەشداریتان لە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی هەیە؟ 
 
مایڵز کاگینز: کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئاپیکور)، لەم کاتەدا نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەرهەمدەهێنن ئەوەش یاریدەدەرە بۆ ئەوەی درێژە بە بەرهەمی نەوت و  پێکهاتە پیترۆکیمیاییەکان لە نێو عێراقدا بدرێت کە پێویستن و هەروەها دەتوانین ژمارەیەکی کەمی کارمەندانمان لە کارەکانیان بهێڵینەوە، ئەمە زۆر گرنگە بەڵام  ئێمە دەمانەوێت بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمی تەواوی نەوتمان  و هەموو کۆمپانیایەک لەسەر بنەمای پێویستیی تایبەت بە کارەکانیان بڕیار دەدەن، شتێكی دیکە، لەسەر بنەمای گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشمان، دەتوانین بەشێک لە نەوتمان بە کڕیارانی دیکەی نێودەوڵەتی بفرۆشین، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو رێژە نەوتەی کە هەمانە لە نەوتی هەرێمی کوردستان  بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵە کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان( ئاپیکور)، پێمان باشە بگەڕێینەوە بۆ بەرهەمی تەواوی نەوتمان، هەر بەو جۆرەی کە لە بەهاری ئەم ساڵدا دەکرا و سوودی بە هەموو کوردستان و هەموو گەلی عێراق دەگەیاند.
 
رووداو: ئێستا چەند بەرمیل نەوت بۆ نێوخۆ بەرهەم دەهێنن؟
 
مایڵز کاگینز: هەموو کۆمپانیایەک ژمارەی تایبەت بە خۆی لە بەرهەمهێنانی هەیە، بەڵام دەتوانم پێتان بڵێم کە بەرهەمەکە لە خوار 50٪ـی لووتکەی بەرهەمی بەهاری ساڵی 2023 مانە. بۆیە ژمارەی ئەو بەرهەمە ناوخۆییانە لە کۆمپانیایەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت  و ئەوەی کە گرنگە بگەڕێنەوە بۆ بەرهەمی تەواوی جاران کە نەوتمان هەناردەی بازاڕی نەوتی نێودەوڵەتیی دەکرد، ئەوە هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات.
 
رووداو: تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت بۆ نێوخۆ چەندە؟ 
 
مایڵز کاگینز: ئەمە پرسیارێكی شیاو و باشە، دەمەوێت لێرە وەک گوتەبێژی کۆمەڵە کۆمپانیاکان روونی بکەمەوە کە هەر کۆمپانیایەک خەرجی جیاوازی لەوەی دیکە هەیە ئەوەش بە چەند بابەتێکەوە بەستراوەتەوە لە نێویاندا کەی دەستیان بە کارەکانیان کردووە و جۆری ئامێرەکانیان چین و توانایان چەندە؟ بۆیە نامەوێت لێرە باس لە وردەکاری خەرجی هەر کۆمپانیایەک بکەم بەڵام دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان 10٪ـی موڵکانە لە هەر بەرمیلێک نەوت دەبات، ئەگەر بە بیرکارییەکی سادە نموونەت بۆ بهێنمەوە، خەرجی یەک بەرمیل نەوت 100 دۆلار بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ 10٪ـی ئەو پارەیەی دەبات، پاشان سەرباری ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان قازانجێکی یەکجار  زۆری دەستدەکەوێت و بەشێكی کەم بۆ کۆمپانیاکانی دەڕوات کە دەبێت بەکاریبهێنن بۆ درێژەدان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت.
 
رووداو: داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانتان بدات یان حکومەتی عێراقی؟
 
مایڵز کاگینز: ئێمە بە گوێرەی رێککەوتنی بەرهەمهێنانی هاوبەشمان، چاوەڕێ دەکەین پارەی خۆمان لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 تاوەکو ئاداری 2023 لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرینەوە، بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتنێکی دیکە بکەن، ئەو کاتە کۆمپانیاکانمان پارەکەیان لە بەغدا وەردەگرن، ئێمە تەنیا پارەی خۆمانمان دەوێت و یەک ملیار دۆلارەکەمان وەرگرت ئەو کاتە لە بەرهەمهێنانەوەی تەواوی نەوت نزیک دەبینەوە و پارەمان دەبێت بۆ پێدانی مووچە  و دابینکردنی خەرجی و درێژەدان بە پرۆسەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
 
 
رووداو: لە قسەکانتدا گوتت ئەگەر نەگەنە رێککەوتن ناچارن بڕیاری قورس بدەن؛ بڕیارە قورسەکەتان چییە؟
 
مایڵز کاگینز: بۆ یەکەمجار ئەم قسەیە لە رووداو دەکەم، من ئەمڕۆ راگەیێندراوێكم لەبری ئاپیکور بڵاوکردەوە، لە راگەیێندراوەکەماندا دوو شتمان گوت، یەکەم ئێمە ملیارێك دۆلار قەرزمان هەیە کە دەبێت وەریگرینەوە؛ دووەم پێتان رادەگەیێنین کە کۆمپانیاکانی ئاپیکور بیر لەوە دەکاتە نەوت بە کڕیارانی دیکە بفرۆشێت و ئەگەر ئێمە نەوت بە کڕیارانی دیکە بفرۆشین، ئەوا ئێمە ئەو  کارە وەک بەشێك لە رێککەوتنی یاساییمان دەکەین کە رێگەمان پێ دەدات ئەو کارە بکەین، ئەوەی کە من لێرە جەختی لێ دەکەمەوە و دەمەوێت هەمووان لێ تێبگەن ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی ئاپیکور دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکەن و دەیانەوێت کار لەگەڵ حکومەتی بەغدا بکەن و ئێمە پێمان وایە بەو کارە بەها و سوود بە هەموو عێراق دەگەیێنین، لە عێراق راگەیێندرا کە ئەم مانگە نۆ ملیار دۆلار قازانجی فرۆشتنی نەوت بووە کە ئەمە لە ساڵی 2022ـوەوە زۆرترینە، بەڵام ئێمە پێمان وایە دەبوو ئەو پارەیە 10 ملیار دۆلار بوایە، ئەو یەک ملیارە داهاتی کاری کۆمپانیاکانی ئێمەیە ئەگەر بییانتوانیایە لە هەرێمی کوردستاندا کار بکەن، ئەوەش سوودی بە هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها بازاڕی جیهان دەگەیاند.
 
رووداو: گوتت دەتوانن نەوت بە خەڵکی دیکە بفرۆشن، مەبەستت لەو قسەیە چی بوو؟
 
مایڵز کاگینز: ئێمە پێشتر رێککەوتنێکمان هەیە لە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش رێژەیەک لە نەوتی بەرهەمهێنراو دیاریکراوە کە رێگە بە کۆمپانیاکانی ئاپیکور دەدات بە ویستی خۆیان بە بازاڕەکانی دیکە بیفرۆشن، بۆیە هەموو کۆمپانیایەک رێککەوتنی تایبەت بە خۆی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام لە هەموو ئەو رێککەوتنانە بڕێک نەوت دیاریکراوە  و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی کۆمپانیاکان دەتوانن تاکلایەنانە مامەڵە بەو بڕە نەوتەوە بکەن.
 
رووداو: بۆ نموونە، دەتوانن بێ ئاگاداری و رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان 100 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشن؟
 
مایڵز کاگینز: ئێمە دەمانتوانی ئەو بڕە نەوتە بفرۆشین و دەمەوێت لێرە جیاوازییەک روون بکەمەوە کە سەبارەت بە فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە، هەموو کۆمپانیایەک بە جیا بڕیاری خۆی دەدات، بەڵام کاتێك ئێمە هات و بڕیارمان دا ئەو بڕە نەوتە بفرۆشین بە کڕیاری دیکە ئەوە تەنیا بۆ ئەوەیە کە بەردەوام بین لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت بە جۆرێك کە قازانجی بە دواوە بێت یان  لانیکەم بتوانین خەرجی  بەرهەمهێنانی نەوتەکە دابین بکەین، دواجار ئەوەی کە ئەندامانی ئاپیکور بە دوایەوەن بریتیە  لە بڕیار و رێککەوتنێکی درێژخایەن کە جێگەی تێگەیشتنی بەرپرسان بێت لە بەغدا و هەولێر  و ئەو رێککەوتنانە بە دڵنیاییەوە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی  و بەشێوەیەکی یاسایی دانیان پێدانرابێت.
 
رووداو: لە رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان چ کاریگەرییەکی لەسەر گەشەی ئابووری و راکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان هەبووە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، هەروەها راگیرانی چ کاریگەرییەکی نەرێنی هەبووە؟
 
مایڵز کاگینز: بەرهەمی نەوت لە راستیدا زیاترە لە ملیارێك دۆلار لە مانگێکدا، بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە پارەوە نییە، نەوت ئاماژەیەکە بۆ جیهان کە هەرێمی کوردستان بەهێزە، لە وڵاتانی رۆژئاوا خەڵک وا لە هەرێمی کوردستان تێدەگەن کە بەهای هاوبەشیان لەگەڵ رۆژئاوادا هەیە، هەروەها کە کوردستان ژینگەیەکی باشە بۆ وەبەرهێنان، رێز لە هەموو خەڵکانێک لە کەلتوورە جیاوازەکان دەگیرێت و هەروەها دەرفەتی مەزن هەیە، ئەو هەواڵانەی بەم دواییە کە باسیان لە کێشەکانی سەر بودجە و ناکۆکی سەر بۆڕی نەوتەکە ئەوە وەچانێک درووست دەکات و شڵەژاوی لەلای وەبەرهێنەرانی کەرتەکانی دیکە درووست دەکەن. ئێمە ئەندامانی ئاپیکور لە پیشەسازیی نەوت هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەین بۆ پێشوازیکردن لە بازرگانی دیکە  و هیواداریشین ببینە هۆی راکێشانی کار و بازرگانی دیکە، لە 15 ساڵی رابردوودا ئابووری هەرێمی کوردستان گەشەی کردووە و ئێمە دەمانەوێت ئابووری کوردستان لە باشیدا وەک بۆمبێک بتەقێتەوە، ئایا هەرێمی کوردستان ناتوانێت وەک دوبەی و دەوحەی لێبێت؟  هەرێمی کوردستان نەوتی هەیە، چیای جوانی هەیە، کەلتوورێکی دەوڵەمەند و نایابی هەیە و باشترین کەشوهەوای هەیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، با هەمووان پێکەوە کار بکەن و چارەسەری ئەو گرێبەستانە بکرێت و دەست بە بەرهەمهێنانەوەی تەواوی نەوت بکرێت ئەوە بۆ هەموو خەڵک باش دەبێت لە زاخۆوە تا هەڵەبجە و لە چۆمانەوە تا کەرکووک.
 
رووداو: بەڕێز مایڵز کاگینز، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئاپیکور)، زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونت.
 
مایڵز کاگینز: سەرچاڤا، خواحافیز