لە ئاکرێ کەسێک بەهۆی هەورەبرووسکە گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی تەمەن 56 ساڵ ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی نیاوۆکی سەر بە ناحیەی گردەسێن لە سنووری ئاکرێ، هەورەبرووسکە لێیدا و بەهۆیەوە راستەوخۆ گیانی لەدەستدا.
 
بەروار محەممەد ساڵح، دانیشتووی گوندی نیاوۆکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-10-2023) هەورە برووسکە لە کەسێکی گوندەکەمانی دا کە میکائیل کەریمە و بەهۆیەوە میکائیل گیانی لەدەستدا.''
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتیمانیە میکائیل خەریکی شوانکاری بووە و لە نزیک ماڵەکەی بووە کاتێک هەورەبرووسکە لێیداوە، بەهۆیەوە جگە لە گیانلەدەستدانی خۆی، دوو سەر مەڕیشی بریندار بوون.
 
نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتیشی ئێستا تەرمەکە لە دادپزیشکی ئاکرێیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری، رادەستی کەسوکاری دەکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، میکائیل پێشمەرگەی خانەنشین بووە و دوو هاوژینی هەن کە لەگەڵ هەردووکیان 10 کوڕ و سێ کچی هەن.
 
ئەم رووداوە لەکاتیکدایە، دوینێش هەورەبرووسک لە سێ پێشمەرگەی دا لە سنووری ناحیەی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی و بە سووکی برینداری کردن.