راگەیێندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لەبارەی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند گرفتی پێنەدانی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان، هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیارەکانی وەزارەتەکەوە نییە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-9-2024) وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا روونکردنەوەی لەبارەی ''گرفتی پێنەدانی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە."
 
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ "ئەم گرفتە هیچ پەیوەندیێکی بە بڕیارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە شێوازی کارکردن و پێدانی هاوکاریی هاوپەیمانان بە یەکە سەربازییەکان."
 
لە روونکردنەوەکەدا هەروەها هاتووە "گرفتی ئەم یەکە سەربازییانەش، پەیوەستە بە هەبوونی رۆتینێکی ئەمنیی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەم بارەیەشەوە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی پێویستی ناوە و کاری جدی لەسەر کردووە."
 
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ چاوەڕوانی بڕیاری هاوپەیمانان دەکەن بۆ رێکخستنەوە و چۆنیێتیی دابەشکردنی هاوکاریەکانیان بۆ یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.
 
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
 
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش وەک هاوکاریکردنی لیوا هاوبەشەکان.