ئۆتۆمبێلێک لە خەلەکان کرایە ئامانج و 'سێ کەس گیانیان لەدەستدا'

رووداو دیجیتاڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی خەلەکان لە قەزای دووکان کرایە ئامانج و قایمقامی دووکان بە رووداوی گوت، لە رێگەی درۆنەوە بووە و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان بە رووداوی راگەیاند، تەرمی ئەو سێ کەسە بە جۆرێک سووتابوون، ناسینەوەیان قورس بوو.
رووداوەکە لەنێوان گوندی مێرگەپاشا و خەلەکان روویداوە.
شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە ڤیدیۆی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ رووداو نارد، لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی سووتاوە و خەڵک هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن.
هاوکات مەڵبەند حەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی خەلەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئۆتمبێلێک بۆردوومان کراوە و سێ کەسی تێدا بووە، بەهۆیەوە هەر سێ کەسەکە سووتاون و گیانیان لەدەستداوە."
سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان بە پەیامنێری رووداوی گوت، ئۆتۆمبێلەکە سێ هاووڵاتی تێدابووە و هەرسێکیان شەهیدبوون، کە ناوی یەکێکیان موزەفەر حوسێن خدر عەوڵایە، دووانەکەی دیکە کوڕین و ناویان محەممەد و موبینە.
هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە. تاوەکو ئێستا بەدروستی هۆکاری بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکە نازاندرێت.
بەپەلە و بەڤیدیۆ: ئۆتۆمبێلێک لە ناحیەی خەلەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کراوەتە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، گیانلەدەستدان هەیە pic.twitter.com/vIHiVhXe98
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 4, 2024