تەعریب لە پارێزگای کەرکووک بەردەوامە؛ "لە یەک ناوچە 20 گوند بە تەواوی داگیرکراون"
رووداو دیجیتاڵ
دروستکردنی گەڕەکی نوێ لەنێو شاری کەرکووک و داگیرکردنی زەویی جووتیاران لە سنووری پارێزگاکە، ئەو تەعریبانەن لە پارێزگاکە بەردەوامن. بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 دەڵێت، هەر عەرەبێکی هاوردە نەیسەلمێنێت چووەتە دەرەوەی کەرکووک، قەرەبوو ناکرێتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە هەشت ساڵی رابردوودا نۆ گەڕەکی عەرەبی لە کەرکووک دروستکراون، کە هەریەکیان دوو هێندەی گەڕەکەکانی رەحیماوە و شۆریجەیە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو عەرەبانەی دەنێردرێنە کەرکووک و نیشتەجێ دەبن، لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین، نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەبرێن و "ناسنامە و فۆرمی خۆراکیان بۆ دروست دەکرێت."
داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد
جیا لە نێو شاری کەرکووک، گوندەکانی سنووری پارێزگاکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان ئەو ناچانەن بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوون. بەتایبەت لە دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە.
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوا لە سنووری کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەنیا لە سنووری گوندەکانی دووبز 20 گوند بە تەواوی لەلایەن عەرەبەکانەوە داگیرکراون."
نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوا دەڵێ، لە سنوورەکەیان رێگەیان نەداوە عەرەبی هاوردە زەوییەکانیان داگیر بکەن. بەڵام "سوپای عێراق زیاتر لە 600 دۆنم زەوی داگیرکردووین."
عەرەبی هاوردە لە سنووری لەیلان و سەرگەڕانیش سەتان دۆنم زەوی جووتیارانیان داگیرکردووە. بە گوتەی ساتع ناسیح، "لە 2017ـەوە عەرەبی هاوردە هەرچییان ویستووە لە رێگەی راکان جبووری پارێزگاری پێشووی بە وەکالەتی کەرکووکەوە بۆیان کراوە و هەمووشی دژی یاسا بووە."
نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140: ئەو عەرەبانەی قەرەبوو دەکرێنەوە دەبێت کەرکووک جێبهێڵن
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140ـی دەستوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو عەرەبە هاوردانەی لە رابردوودا قەرەبووی مادەی 140 کراونەتەوە "زۆرینەیان" کەرکووکیان جێهێشتووە.
بەگوێرەی مادەی 140، هەر عەرەبێکی هاوردە کە قەرەبوو دەکرێتەوە دەبێت سنوورەکە جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە شوێنی پێشووی. کاکەڕەش سدیق گوتی، "کاتێک کەسێک قەرەبوو دەکەینەوە سەیری کارتی دەنگدان و کارتی زانیاریی دەکەین، ئەگەر دەرەوەی کەرکووک نەبێت قەرەبووی ناکەینەوە."
کاکەڕەش سدیق دەڵێت، پێشتر راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دژایەتی کردوون، بەڵام لەمەودوا کە پارێزگاری نوێ هەڵبژێردراوە دەتوانن دەستبەکار ببنەوە.
29ی مانگی رابردوو کاکەڕەش سدیق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ''نزیکەی دوو هەزار عەرەبی هاوردە و عەرەبی شارەکە قەرەبوویان وەرگرتووەتەوە. زیاتر لە هەزار کەس ماوەتەوە کە قەرەبوو بکرێنەوە و ئێستا پێویستمان بە 13 ملیار دینارە."
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 ئەوەشی خستەڕوو، دوای دەستبەکاربوونی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، لیژنەکەیان دەستبەکار دەبێتەوە و هەوڵ دەدەن قەرەبووی ئەو کەسانە زیاد بکەن کە بە تەواوی قەرەبوو نەکراونەتەوە.
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و رێکخراوی بەدر، سەرۆکایەتیی لیژنەی باڵای مادەی 140ی دەستوور دەکات. کاکەڕەش سدیق گوتی، "هادی عامری خۆی دەدزێتەوە لە کارەکان و وەکو پێشوو جیدی نییە."
کاکەڕەش سدیق هەندێک ئاماری خستەڕوو و گوتی، لە ساڵی 2023ـدا، 311 چەکی قەرەبووکردنەوە درا بەو کەسانەی لە شوێنی خۆیان دەرکرابوون (مورەحلین) ، هەروەها 617 چەکیش لە نێوان عەرەبی هاوردە (وافدین) دابەشکران.
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140، لە ساڵی 2024ـیشدا، هەزار و 81 چەک بەو کەسانە دراوە کە لە شوێنی خۆیان دەرکرابوون و عەرەبی هاوردەش بە 755 چەک قەرەبوو کراونتەوە.
کاکەڕەش سدیق ئاماژەی بەوەش کرد، 29ی ئاب 40 ملیار دیناری دیکە گەیشتووەتە لیژنەی باڵای مادەی 140، کە پشکی کەرکووکیشی تێدا بووە.
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ساڵ پڕۆسەی قەرەبووکردنەوە لە چوارچێوەی مادەی 140ـدا تەواو نابێت، "ناوی پێنج هەزار عەرەب ئامادەیە کە چەک وەربگرن و سەرجەمیان نێردراون بۆ بەغدا، ئێمە کارمان بە ئەوان نییە و خۆیان دەزانن جێ دەکەن لەگەڵ ئەو ناوانە."
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ کراوە.