هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لیژنەیەک بۆ کێشەى رادەستکردنى بارەگاکەى پارتى پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لیژنەیەک بە بەشدارى نوێنەرانى بەشێک لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانێتییەکە پێکدەهێنێت بۆ چارەسەرى کێشەى رادەستکردنەوەى بارەگاکەى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کەرکووک.
ئەبومیساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیی رێکخراوى بەدر ئەمڕۆ (4ـی ئەیلوولى 2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لیژنەیەکى بە بەشدارى بەشێک لە پێکھێنەرانى هاوپەیمانیێتیەکە پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى رادەستکردنەوەى بارەگاى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک بە پارتى دیموکراتى کوردستان و بڕیارە لیژنەکە دەست بە کۆبوونەوە و کارەکانی بکات.
ئەبومیساق مەسارى گوتیشى، "پێکهێنانى ئەو لیژنەیە لە دوایین کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بوو، بەر لە خۆپێشاندانەکانى ئەو شارە."
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە 25ـی ئەیلوولى 2022 راگەیێندرا بۆ پێکھێنانى حکومەت. پێکهێنەرەکانى بریتین لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، پارتى دیموکراتى کوردستان، هاوپەیمانیى سەروەرى، هاوپەیمانیى عەزم، بزووتنەوەى بابلیوون و بەرەى تورکمانى عێراق.
لە 27ـی ئابی 2023ـەوە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، رۆژی 2-9-2023 ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش برینداربوون.
3ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانى پشکى کەرکووک کۆبووەوە کە نوێنەرى سەرجەم پێکهاتەکانى ئەو شارەى تێدابوو.
سەباح جەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى کەرکووک بە رووداوی گوت، سوودانی پێی گوتوون کە جگە لە لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى حکومەت لەسەر رووداوەکانى کەرکووک، لیژنەیەکى دیکەش لەلایەن هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەتەوە هەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى رادەستکردنەوەى بارەگاکە هەیە.
ئەوە لەکاتێکدایە 3ـى ئەیلوولى 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەشێوەیەکى کاتى ئەو فەرمانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رابگرێت کە بۆ رادەستکردنەوەى ئەو بارەگایەى پارتى دەریکردووە.