لە ئاکرێ 20 جۆر بەرهەمی خۆماڵی لە فێستیڤاڵێکدا نمایشکران
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێکی دەڤەری دینارتێ بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئەمساڵی لە چیا کۆکردەوە و بردنییە ئاکرێ. ئەو سەروکاری لەگەڵ بەرهەمی سماقە، سماقی بەنێوبانگی دۆستەک، بۆیە بە دەست و پەنجەکانی خۆی ئامادەی کردن بۆ کڕیاران و هەموو بەرهەمی ئەمساڵی لە فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێدا فرۆشت.
سەڵاح دۆستەکی، جووتیار دەڵێ "سماقی دۆستەکی سپییە و تامی جیایە، مزرە و جیایە لە سماقی سوور کە ترشە."
یەکەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ لە 3-9-2023 دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 11:00ـی شەو بەردەوام بوو. لە فێسیتیڤاڵەکەدا 20 بەرهەمی جیاوازی خۆماڵیی جووتیارانی دەڤەرەکە نمایشکران.
برنج، هەنجیر، هەنار، ترێ، هەنگوین، رۆنی شل، تەحین و چەندین بەرهەمی دیکە لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکراون، لەبەر تام و نێوبانگی بەرهەمەکانی ئاکرێ، سەتان کەس لە شوێنی دیکەوە روویان لە فێستیڤاڵەکە کرد، لەنێویاندا گرووپێکی تیمی شوێنەوارناسانی ئیتاڵی کە نەیانویست دەسختسنی ئەو بەرهەمە خۆماڵییانە لەدەست خۆیان بدەن.
لیسا دۆرۆ، شوێنەوارناسی ئیتاڵی دەڵێ "من، هیچ کاتێک بەشداریم لە فێستیڤاڵی بەرهەمە نێوخۆییەکاندا نەکردووە، لەبەرئەوەی ئێمە لە دهۆک دەژین و لەوێ فیستیڤاڵی لەو شێوەیە نەکراوە کە بزانین بەرهەمی گوندەکانی کوردستان چین، لە راستیدا فێستیڤاڵەکە زۆر سەرنجڕاکێشە."
فێستیڤاڵەکە بە چاودێریی پارێزگاری دهۆک رێکخرا و ئامانجی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی جووتیاران بوو.
ئاراز حامد، رێکخەری فێستیڤاڵەکە دەڵێ "ئامانجمان ئەوە بوو؛ جووتیارەکانمان بێنە نێو ئەو جۆرە مارکێتینگە و فێری شێوازی فرۆشتن بن لە بازاڕدا، چونکە ئەوە یەکەمجارە ئەو جۆرە فێستیڤاڵە لە ئاکرێ دەکرێت و دواجار نابێت، بەڵکو فراوانتری دەکەین."
سازکردنی ئەو فێستیڤاڵە لەکاتێکدایە؛ ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار تۆن برنجی کوردی، نۆ هەزار تۆن هەنجیر، پێنج هەزار تۆن سماق و 132 تۆن هەنگوین لە ئاکرێ بەرهەمدێت.