بیرەوەرییەکانی د. رۆژ: یەکەم جار کێ پێشنیازی دانانی موەلیدەی کارەبای لە گەڕەکەکان کرد؟

 
رووداو دیجیتاڵ
 
د. رۆژ نووری شاوەیس لە کابینەی یەکەم و دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگری سەرۆکی حکومەت بوو، لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا بە ناوی "گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتیم" باسی ئەزموونی خۆی لە حکومەت، کارکردن لەگەڵ یەکێتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات. هەروەها ئاشکرای دەکات، کە کێ یەکەمجار پێشنیازی دانانی موەلیدەی کارەبای گەڕەکەکانی کردووە.
 
"یەکێتی بە مەرەکەبی یەکەم هەڵبژاردن رازی نەبوو"
 
دوای کشانەوەی دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق، بڕیاردرا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، د. رۆژ دەڵێت: "کاک مەسعود یەکەم کەس بوو لە کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانی لە خەلیفان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد مافی خۆمانە لە شێوازی ئۆتۆنۆمی هەنگاوێک تێپەڕێنین و بەرەو فیدراڵی هەنگاو بنێین. بەرەی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنەکە کێشەی نەبوو، بەڵام فیدراڵییەکە جێی ناکۆکی بوو."
 
ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەستیپێکرد، لەگەڵ دروستکردنی لیژنەکان پێشنیازکرا رێگە لە ساختەکاری بگیرێت. دکتۆر رۆژ دەڵێت: "باس لە دروستکردنی مەرەکەبەکە کرا، کە مامۆستایەک لە زانکۆی سەلاحەدین دکتۆرای هەبوو لە کیمیا، دروستی کرد. مامۆستاکە لە یەکێتییەوە نزیک بوو کاک عومەر فەتاح کە کوردایەتییەکی رێکوپێکیشی کردووە، سەرپەرشتیاری ئەو کارانە بوو، لە دواییشدا بە مەرەکەبەکە رازی نەبوو، گوتیان پارتی دروستی کردووە و دەزانن چۆن بیسڕنەوە، لە پارتیشدا مەبەستیان من بوو، کە هیچ پەیوەندیم بە مەرەکەبەکەوە نەبوو. بەهۆی ئەو مەرەکەبەوە هەڵبژاردن چەند رۆژێک دواکەوت. نەتەوە یەکگرتووەکان مەرەکەبێکی هێنا، ئەویش دەسڕایەوە." 
 
لەو هەڵبژاردنەدا پارتی 51٪ و یەکێتی 49٪ی دەنگەکانی هێنا، بەڵام د. رۆژ دەڵێت: "هەردوولا رێککەوتین کە دادوەرەکان ئەنجامەکان رابگەیێنن و بڵێن: 'پارتی 51٪ و یەکێتی 49٪ی دەنگەکانی هێناوە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی باڵای میللـەتی کورد و ئەم ئەزموونە نوێیەی، رازین بە نیوە بە نیوەی دابەشکردنی دەسەڵات."
 
لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 د.فوئاد مەعسووم بووە سەرۆکی حکومەت و د. رۆژیش جێگری سەرۆک. ئەو سەبارەت بە کارکردن لەگەڵ د. فوئاد دەڵێت: "جیاوازیی من و ئەو ئەوە بوو ئەو لە نووسینگەکەی خۆی نەدەچووە دەرەوە، کۆمەڵێک خزمی خۆشی هێنابووە لای خۆی، هەندێکیان مرۆڤی باشبوون و هەندێکێشیان بە جۆرێک رەفتاریان دەکرد، ئەگەر سکاڵام لە یەکێکیان هەبووایە ئەو دەیگواستەوە، ئافرەتێکی باشی کردە سەرۆکی دیوان، ئەویش نازەنین خان، هاوسەری کاکە مەم بۆتانی بوو... یەکێتی کەوتنە ناڕەزایی لە دکتۆر فوئاد، دەیانگوت ئاشتیخوازە، چالاک نییە و جوڵەی نییە بیگۆڕین باشە. ئەوان چالاکی بە شەڕفرۆشتن و گرفت و کێشە دروستکردن تێدەگەن."
 
هەر لەبارەی کارکردن لەگەڵ فوئاد مەعسوم، دەڵێت: "ئەو ماوەیەی فوئاد مەعسوم سەرۆکوەزیران بوو، راستە سەرپێچی نەدەکرد، بەڵام هەندێکجار دەیویست بە فرتوفێڵ هەندێک شتێک تێپەڕێنێت، بەڵام ئێمەش و ئەوانەی لەگەڵماندا بوون، هەر چاوێکمان کردبووە هەزار چاو، بۆیە ئەو شتانە تێنەدەپەڕین." 
 
"کۆسرەت رەسوول 14 ملیۆن دیناری حکومەتی برد"
 
سەبارەت بە ئەزموونی کارکردنیشی لەگەڵ کۆسرەت رەسوول عەلی، کە دوای فوئاد مەعسوم کرایە سەرۆکی حکومەت، د. رۆژ دەڵێت: "تاوەکو لە ئەنجوومەنی وەزیران بووین و پێکەوە کارمان دەکرد، دەتوانم بڵێم گونجاو بووین، لە زۆر شتدا بە قسەی دەکردم، هەندێکجار دەبووە دەنگە دەنگمان، بەڵام یەکسەر رێکدەکەوتینەوە."
 
هەروەها دەڵێت: "لەگەڵ [کاک] کۆسرەت پێکەوە گونجاو بووین دادەنیشتین زۆر بە راشکاوی قسەمان لەگەڵ یەک دەکرد، چارەسەرمان بۆ زۆر شت دادەنا. پێکەوە بیرمان لەوە کردەوە کە بڕە پارەیەکی یەدەگ دابنێین، نەوەک تورکیا رێگەمان لێ دابخات... نزیکەی 14 ملیۆن دینارمان کۆکردەوە و لە بانکی هەرێم داماننا، بەداخەوە کە شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد کۆسرەت رەسوول دەستی بەسەردا گرت و ئیتر ئەو پارەیە نەبینرایەوە."
 
دامەزراندن لیست بە لیست بووە
 
د. رۆژ هەرچەندە زۆر پەسنی کۆسرەت رەسوول دەدات، بەڵام نایشارێتەوە "سەرپێچی"یشی هەبووە و دەڵێت: "کۆسرەت بۆ ئەوەی خەڵک رازی بکات و خزمەتی یەکێتی بکات جاری وا هەبوو بە لیست خەڵکی دادەمەزراند و پارەی خەرج دەکرد، منیش سکرتێرێکم هەبوو ناوی عوسمان سەرسپی بوو، ئێواران لیستی دەهێنا و دەیگوت کاک کۆسرەت ئەوەندە کەسەی دامەزراندووە و ئەوەندە پارەی هاوکاریی خەرجکردووە، دوایی لیستێکی بە هەمان ژمارە و بڕ لە پارتی دەهێنا و ئێمەش ئەوانەی داوای دامەزراندن یان هاوکارییان کردبوو بە هەمان ژمارەی ئەوانەی کۆسرەت ئیمزامان دەکرد. فیفتی فیفتی ئەو دیوە نامۆیەشی هەبوو."
 
پارەکەی پۆلیس لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا
 
لە دوای راپەڕینی 1991 عەبدولموهەیمین بارزانی، کرایە پارێزگاری هەولێر، د. رۆژ زۆر پەسنی کارەکانی عەبدولموهەیمین دەدات و دەڵێت: "پارێزگارێکی زۆر سەرکەوتوو بوو، رێکخراوە بیانییەکان هەموویان ستایشتان دەکرد و گوێیان لە قسەکانیان دەگرت."
 
د. رۆژ نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت: "لە وەزارەتی ناوخۆ هەندێک پارەمان هاتە دەست، بڕێک لە پارەکەم دایە عەبدولموهەیمین تاوەکو هەندێک پیکەبی دەستی دوو بۆ پۆلیس بکڕێت، ئەو نەک هەر ئۆتۆمبێل بڕێک پارەی دیکەشی کۆکردبووەوە، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی باش و هەندێک چەکیشی بۆ هێزی پۆلیسی هەولێر کڕیبوو. هەمان بڕە پارەم دایە بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، سەڵاح چاوشین. کە چووم گوتی زۆر سوپاس بۆ ئەو پارەیە و ئێستا پێشانت دەدەم چیمان کڕیوە، تەماشا دەکەم ئۆتۆمبێلێکی ساڵۆنی بۆ خۆی کڕیوە. خۆم بۆ نەگیرا، ئەوەی بە دەمم هات پێمگوت. ئێمە لە چ بارودۆخێکدا بووین و ئەویش خەریکی چییە."
 
شێرکۆ بێکەس بە چی پەست دەبوو؟
 
د. رۆژ لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات لە کابینەی یەکەم و دووەمی حکومەت سەرەڕای سەختی و ماندووبوون و ناکۆکی و هەندێکجار دەنگەدەنگ، بەڵام قسەی خۆش و نوکتەشیان هەر دەکرد.
 
د. رۆژ دەڵێت: "نوکتەیەکمان هەبوو شێرکۆ بێکەس زۆر پێی پەست دەبوو، کاک شێرکۆ لە پشکی یەکێتی وەزیری رۆشنبیری بوو، کە بەیاننامەیەکمان هەبووایە، دەماندایە ئەو بینووسێت یان بە سەریدا بچێتەوە، ئینجا هەموو جار من پەستم دەکرد و دەمگوت: لە کوتلەی ئێمەش شاعیرێک هەیە با دوای تۆ بەسەریدا بچێتەوە (دکتۆر ناسیح غەفوور بەناوی ن. بێباک شیعری دەنووسی) شێرکۆ بێکەس بەوە زۆر پەست دەبوو، خەریک دەبوو لە پێستی خۆی دەربچێت."
 
د. رۆژ هەر لەبارەی شێرکۆ بێکەسەوە دەڵێت: "کاتی خۆی پارتییەکی تۆخ بوو، ماوەیەکیش کاژیک بوو، بە دڵ داوای کوردستانی گەورەی دەکرد، نازانم لەگەڵ یەکێتی چۆن جووت بووبوو، ئەوە پەیوەندیی بە خۆیەوە هەیە، بەڵام لە هونەری شیعردا گەورە بوو."
 
دانانی موەلیدەی گەڕەکەکان پێشنیازی کێ بوو؟
 
وەک دکتۆر رۆژ لە یادەوەرییەکانی باسی دەکات، دوای ئەوەی لە کابینەی سێدا بووەتە سەرۆکی حکومەت، سەرەتا کابینەکەی رووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر بووەتەوە. ئەو کێشەیەی بەلایانەوە زۆر زەق و دیار بووە، کێشەی ئاو و کارەبا بووە. 
 
د. رۆژ دەڵێت: "یەکەم جار دکتۆر ئیدریس هادی ساڵح  هات، گوتی چارە نییە دەبێ موەلیدە دابنێین، بێگومان ئەگەر بمانەوێ بە موەلیدە چارەسەری بکەین، دەبێت موەلیدە بکڕین و لە گەڕەکەکان دایبنێین، بیانخەینە ئیش و بەردەوام کاری تێدا بکەین، ئەوە بە ئێمە ناکرێت، گوتمان ئازادی دەکەین، هەر کەسێک بیەوێ با بێت بەشداری بکات، ئەوەمان کرد و سەرکەوتوو بوو، لەوەشدا رەخنە ئەوە بوو دەیانگوت: هەولێریان هەموو کردووە بە وایەر یان دووکەڵی موەلیدە."