لە قەزای پشدەر هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە منداڵان و تازە لەدایکبووان نییە
رووداو دیجیتاڵ
لاڤان بەکر لە بەشی ژنان و منداڵبوونی نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ، زیاتر لە دوو کاژێر چاوەڕێی بینینی دکتۆری تایبەت بە ژنان و منداڵبوون بووە و دەڵێت، زۆریی ژمارەی نەخۆش و بچووکیی شوێنەکە، گرفتی بۆ نەخۆشەکان دروستکردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی تەندروستی ساڵێکە بڕیاری نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی کۆنی شارەکەی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە.
لاڤان بەکر، نەخۆش بە رووداوی گوت، "ئەم نەخۆشخانەیە هەم دوورە لەناو شار هەمیش زۆر بچووکە، ئەگەر نەخۆشێک حاڵەتێکی کتوپڕی هەبێت کە ئۆتۆمبێلی خۆیان نەبێت، بە ئەستەم دەگاتە ئێرە."
نەخۆشخانەی کۆنی قەڵادزێ کە دەکەوێتە نێوەڕاستی شارەکە، چوار ساڵە هێزێکی پێشمەرگە تێیدا جێگیر کراوە. زیاتر لە ساڵێکیشە وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە نەخۆشخانەکە نۆژەنبکرێتەوە و بکرێتە نەخۆشخانەی منداڵان و تازە لەدایکبووان، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێت، "ئەو هێزەی ئێستا لەوێیە بە رەزامەندیی ئێمە بووە، هەرکاتێک داوایان لێبکەین ئامادەن بەزووترین کات چۆڵی بکەن."
دیاری ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەندروستیی راپەڕینیش باس لەوە دەکات، "چاوەڕێین وەزارەتی دارایی پارەکە بنێرێت و بیخەینە تەندەرین و کۆمپانیا دەستبکات بە نۆژەنکردنەوەی."
لە قەزای پشدەر هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە منداڵان و تازە لەدایکبووان نییە، لە دەرەوەی شار و ناو نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ، چەند ژوورێک بۆ ئەو نەخۆشانە دانراوە. تەنیا لە شەش مانگی ئەمساڵدا نزیکەی 2000 منداڵ لە نەخۆشخانەکەدا لەدایکبوون.