موحسین مەندەلاوی بۆ سەرۆک بارزانی: هیوادارم یارمەتیدەر بیت لە چارەسەری کێشەکانی عێراق

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەی بارەگای بارزانی، ئەو جێگرە لە کۆبوونەوەکە هیوای خواستووە سەرۆک بارزانی لە چارەسەری کێشەکانی عێراق یارمەتیدەر بێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی تەممووزی 2024 بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "سەرۆک بارزانی و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە" و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد. 
 
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، مەندەلاوی لە کۆبوونەوەکەدا "پێزانینی بۆ رۆڵی مێژوویی و پێگەی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا" دەربڕی. 
 
هەروەها بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە: "سەرۆک بارزانی جەختی لە بوونی نیازپاکیی لایەنەکان کردەوە و بە پێویستی زانی کە دیالۆگ ببێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
مەندەلاوی هیوای خواستووە سەرۆک بارزانی لە چارەسەری کێشەکانی عێراق یارمەتیدەر بێت.
 
بارەگای بارزانی دەڵێت: "هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بابەتی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چەند پرسێکی تری تایبەت بە پارێزگاکانی عێراق تاوتوێ کران."
 
رۆژی چوارشەممە (03-07-2024)، سەرۆک بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەلایەن د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی عێراقەوە پێشوازی لێکرا، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. 
 
لە هەمان رۆژدا سەرۆک بارزانی لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا کۆبووەوە.