گێلاسی دهۆک پێگەیشتووە؛ 'هەرزان و بەتامە'


رووداو دیجیتاڵ 

بەرهەمی گێلاسی دهۆک پێگەیشتووە، نوێنەری رێکخراوی جایکای ژاپۆنی کە پڕۆژەیەکیان بۆ پێشخستنی کشتوکاڵیش هەیە، گێلاسەکە تام دەکات و دەڵێت، "خۆش و بەتامە."
 
ساڵانە لە دهۆک نزیکەی 50 تۆن گێلاس بەرهەمدەهێندرێت. 
 
مەسامی تاکاهاتا، نوێنەری رێکخراوی جایکا بەدەم تاقیکردنەوەی گێلاسی دهۆکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئێمە وەکو رێکخراوی جایکا پڕۆژەیەکمان بۆ پێشخستنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەراورد لەگەڵ بەرهەمە هاوردەکراوەکان، تامی ئەو گێلاسانە زۆر خۆشترە و نرخەکەشی هەرزانە، بەڵام لە ژاپۆن بەو شێوەیە نییە، ئەوانەی ئێرە تامیان زۆر خۆشترە، چونکە بەرهەمەکەی سرووشتییە."
 
لە باخێکی ناحیەی مانگێشک لە سنووری دهۆک، 400 داری گێلاس هەن کە رۆژانە نزیکەی 15 کرێکار کاری تێدا دەکەن و بەرهەمەکەی کۆدەکەنەوە. 
 
گێلاس لە کۆتاییەکانی حوزەیران پێدەگات و بۆ ماوەی مانگێک خۆی دەگرێت، چونکە بەرگەی گەرمای زۆر ناگرێت. 
 
کیلۆیەک گێلاس لەنێوان 4 بۆ شەش هەزار دیناردایە لە دەستپێکی وەرزی پێگەیشتنی.