یەکێتیی ئەوروپا ئەشکەوتێکی دێرینی دهۆک نۆژەن دەکاتەوە؛ پێشتر پەرستگەی زەردەشتییەکان بووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەشکەوتی چارستین یاخود چوار ستوون لە پارێزگای دهۆک کە یەکێکە لە هەرە ئەشکەوتە دێرینەکانی باشووری کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی یەکێتیی ئەوروپادا نۆژەن دەکرێتەوە کە ناونراوە، "پاڵپشتیکردنی ژیان لە رێگەی گەشەپێدانی شوێنەوارەوە."
یەکێتیی ئەوروپا بەم پڕۆژەیە دەیەوێت دوو ئامانج بپێکێت؛ یەکەم بووژاندنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان و دووەمیش رەخساندنی دەرفەتی کار.
زێرەڤان عەبدولحەمید، سەرپەرشتیار لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک دەڵێت، "ئەمە ئەشکەوتی چارستینە هەر وەکو دەبینیت لە چوار ستوون پێکهاتووە. ئەمە پەرستگەی زەردەشتییەکان بوو، خوداپەرستییان لێی دەکرد. ئەمە شوێنێکی پیرۆز بوو بۆ زەردەشتییەکان."
ئەشکەوتی چارستین دەکەوێتە خوار بەنداوی دهۆک و بە دیاریکراوی سەر رێگەی گەلی دهۆک، یاخود "گەلیێ دهۆکێ." لە دەوروبەری ئاوێکی سازگار لە قەدی چیاکە دێتە خوارەوە.
زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر ئەشکەوتی چارستین لەلایەن زەردەشتییەکانەوە وەکو هۆڵێکی بۆنە و کۆبوونەوەکان بەکاردەهات.
زێرەڤان عەبدولحەمید بە ئاماژەکردن بە چەند شوێنێک گوتی، "ئێرە جێگەی دروستکردنی شەربەتبووە، شەربەت لە میوە دروستدەکرا بۆ بۆنەیەک یاخود پرسەیەک، بە شەربەتەکەیان دەگوت (شەرابی پیرۆز). ئەگەر سەیری بکەین، ئێرە کونە، کە لێرە میوەکەیان دەگوشی، شەربەتێکی پاک و بێگەرد لێرە دەهاتە خوارەوە."
نۆژەنکردنەوەی ئەشکەوتی چارستین 1000 رۆژ دەخایێنێت و یەکێتیی ئەوروپا 731 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش 20%ی کەرەستەی نۆژەنکردنەوە.
بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کولتووری دهۆک رایگەیاند، "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکە و هەروەها سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران، هەروەها ئەمە دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنێت."
پاڵپشتیی یونسکۆ یاخود ئاژانسی کولتوور و زانستیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ئەو پڕۆژەیە ئاماژەی برەودانی زیاتری نێودەوڵەتییە بە ناوچە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان.