سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان: لە شەش مانگدا 41 پێشێلکاری بەرامبەر 80 رۆژنامەنووس کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان راپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023ی لەبارەی پێشلکارییەکانی دژی رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکردەوە و بەپێی ئەو راپۆتە، 41 پێشێلکاری بەرامبەر 80 دەزگا و رۆژنامەنووس کراون.
 
سێشەممە 04-07-2023 نەزاکەت حوسێن، سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لیژنەیەکی تایبەتی بۆ کۆکردنەوەی ئامارەکانی پێشێلکاری هەیە و گرووپێکیشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە، کە هەموو پەیامنێرە مەیدانییەکانی تێدایە بۆئەوەی بە زووترین کات لە هەر پێشێلکارییەک کە لە دژیان دەکرێت، ئاگاداریان بکەنەوە و ئەوانیش بەدواداچوونی بۆ بکەن.
 
لەبارەی ئاماری پێشلێکارییەکانیش نەزاکەت حوسێن گوتی، "بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2022، پێشێلکاری کەمیکردووە، چونکە ساڵی 2023 خۆپیشاندانی فراوان، هەڵبژاردن و بەریەککەوتنی سەربازی و ململانێی تووند نەبوون."
 
بەپێی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا، 41 پێشێلکاری بەرامبەر 80 دەزگا و رۆژنامەنووس کراون کە بەم شێوەیە بووە:
 
دەستگیرکردن: 8 حاڵەت، بەرامبەر 22 دەزگا و رۆژنامەنووسن
 
رێگەنەدان بە رووماڵ و جیاکاری: 20 حاڵەت، بەرامبەر 39 دەزگا و رۆژنامەنووسن
 
هێرش و سووکایەتی: 6 حاڵەت، بەرامبەر 11 دەزگا و رۆژنامەنووسن
 
هەڕەشە: 1 حاڵەت، بەرامبەر 1 دەزگا و رۆژنامەنووسە
 
شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و دەستبەسەرداگرتن: 4 حاڵەت، بەرامبەر بە 5 دەزگا و رۆژنامەنووسن
 
لێدان: 2 حاڵەت، بەرامبەر 2 دەزگا و رۆژنامەنووسن
 
ئاماری پێشێلکاری بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان:
 
هەولێر: 13
دهۆک: 10 
سلێمانی: 7
سۆران: 6
کەرکووک: 2
گەرمیان: 2
هەڵەبجە: 1
 
ئاماری پێشێلکارییەکان بەپێی رەگەز
 
نێر: 80 پێشێلکاری
مێ: 0 پێشێلکاری
 
بەڵام بەپێی داتاکانی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، کە رێکخراوێکی ناحکومیی "داکۆکیکارە لە مافەکانی رۆژنامەنووسان" لە هەرێمی کوردستان، تادێت پێشێلکارییەکان به‌ شێوه‌یه‌كی دراماتیكی روو لە زیادبوونە، بەشێوەک ئازادیی کاری رۆژنامەڤانیی خستووەتە بەردەم پرسیارەوە.
 
سێشەممە 04-07-2023 هۆزان قادر، سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "به‌داخه‌وه‌ دەبینین، رۆژانه لە هه‌رێمی کوردستان، پێشێلکاریی زەق و ئاشکرا بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەکرێت، له‌ رێگه‌ی دەستگیرکردن و چاوسوورکردنەوە مافەکانیان پێشێل دەکرێت، وەکو ئەوەی لە ماوەی شه‌ش مانگی رابردوو لامان تۆمارکراوە، 25 رۆژنامەنووس و میدیاکار بەهۆی ئایدیای سیاسی و میزاجی کەسی، لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانی خۆسه‌پێنی کەناڵەکان نانبڕاو کراون، بێ ئەوەی حکومەت و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەتی هەبێت بۆ بەرگریکردن لە قووت و نانی ئەو میدیاکارانە یان بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ ده‌ستەبه‌ر بكرێت كه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كیی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌."
 
سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان دەڵێت، "جگە لەم هەموو پێشێلکارییانەش، رۆژانە رۆژنامەنووسان کەلوپەل و پێداویستییەکانیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە بیانووی جیاوازەوە لێ زەوت دەکرێت یان دەشکێندرێت، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە لەسەر کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان."
 
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، داتای شەش مانگی رابردووی بەم شێوەیە بڵاوکردووەتەوە:
 
49 پێشێلکاری بەرامبەر 99 رۆژنامەڤان و میدیاکار کراون
6 دەستگیرکردن
2 سکاڵا تۆمارکردن لە دژی رۆژنامەنووسان
19 رێگەنەدان بە رووماڵکردن
38 رێگریكردن له‌ رۆژنامه‌نووسان
16 شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنووس و دەستبەسەرداگرتن
7 هێرش و سوکایەتی بەرامبەر 14 رۆژنامەنووس
7 لێدان و هێرشکردنە سەر رۆژنامەنووس
25 رۆژنامەنووس و میدیاكار لەلایەن خاوەن دەزگاكانه‌وه‌ بەبێ هیچ هۆکارێک ده‌ركراون
2 دەزگای راگەیاندن هێرشی ئەلیکترۆنییان کراوەتەسەر
 
پێشێلکارییەکان بەپێی زیاترین رێژه‌ی پێشێلكاری له‌ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان:
 
دهۆک: 25 حاڵەتی پێشێلکاری
هەولێر: 16 حاڵەتی پێشێلکاری
هەڵەبجە: 5 حاڵەتی پێشێلکاری
سلێمانی: 4 حاڵەتی پێشێلکاری