کێشەی کەمئاوی لە قەڵادزێ سەریهەڵداوەتەوە؛ چەند گەڕەکێک 15 بۆ 30 خولەک ئاویان پێدەگات
رووداو - قەڵادزێ
گەڕەکی شەهیدان لە قەڵادزێ 13 ساڵە گرفتی کەمئاوی بەرۆکی دانیشتووانەکەی بەرنەداوە. کەریم عومەر دانیشتووی گەڕەکەکەیە و دەڵێت، ئەگەر ئاوی بیری دراوسێکانی نەبێت، دەبێت دوو رۆژ جارێک تانکەرێک ئاو بە 15 هەزار دینار بکڕێت.
کەریم عومەر، دانیشتووی گەڕەکی شەهیدانی قەڵادزێ ئاماژە بەوە دەکات، "رۆژێک دەڵێن ئێران ئاوەکەی گرتووەتەوە، رۆژێک دەڵێن کارەبا نییە، رۆژێک دەڵێن شکاوە، ئەگەر ئەو جیرانە نەبن بێ ئاو دەبین."
لە قەڵادزێ هەموو رۆژێک ئاو بۆ گەڕەکەکان بەردەدرێتەوە، بەڵام چەند گەڕەکێک 15 تاوەکو 30 خولەک ئاویان پێدەگات، دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەش دەڵێن، ئەو بڕە ئاوەی پێیان دەدرێت زۆر کەمە و لە وەرزی هاوین بەشیان ناکات.
ئێران قادر، دانیشتووی گەڕەکی شەهیدانی قەڵادزێ باس لەوە دەکات، "رۆژ نییە پەکمان نەکەوێت، لە ماڵی جیرانەکەم بە دەبە ئاو دەهێنم، لە تواناماندا نییە بیکڕین."
تەنیا لە کۆڵانێکی گەڕەکی شەهیدان، لە کۆی 15 ماڵ هەشتیان بەهۆی کەمئاوییەوە بیریان لێداوە، لەو رێگەیەوە ئاوی خواردنەوە بۆ خۆیان و دراوسێکانیان دابین دەکەن.
پڕۆژەی ئاوی ماڵان لە قەڵادزێ، سەرچاوەکەی 95%ی ئاوی زێی بچووک و 5%یشی ئاوی کانیاوەکانی هەڵشۆیە، پڕۆژەکە ئاو بۆ نزیکەی 18 هەزار هاوبەش دابین دەکات، ساڵانە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووکەوە لەلایەن ئێران، گرفتی کەمئاوی لە قەڵادزێ دروست دەبێت.
مارف مەحموود، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاوی خاس دەڵێت، "لای ئێمە هیچ گرفتێک نییە، ئاوی تەواومان هەیە، رەنگە گرفت لە میراوەکان بێت، فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ پەیوەندیی بەوانەوەیە."
هەرچەندە ئێستا گرفتی کەمئاوی لە پڕۆژەی ئاوی خاس نییە، بەڵام فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ ناتوانێت بەشی پێویست ئاو بە هەموو گەڕەکەکان بدات، رووداو لەسەر ئەم گرفتە چەند جارێک پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری فەرمانگەکەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو لەوبارەیەوە قسە بکات.