کچە کوردێکی ئێزدی دوای نزیکەی 10 ساڵ لە رفاندنی رزگار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کچێکی کوردی ئێزدی کە ساڵی 2014 لە سنووری شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوو، رزگار کرا و بڕیارە بگەڕێندرێتەوە نێو کەسوکارەکەی.
کچەکە ناوی تەواف داوود چەتۆیە؛ ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024 حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کچەکە ئەمڕۆ لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراوەتە عێراق و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکاندایە، دوای رێکارە کارگێڕێیەکان دەگەڕێندرێتەوە بۆ زێدی خۆی."
لەکاتی هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە سەرەتای ئابی 2014، تەواف داوود لە شنگال کەوتە دەست چەکدارانی داعش. حوسێن قائیدی گوتی، "دواتر زانیاریی زیاتر لەبارەی ئەو کچە رزگارکراوە بڵاودەکەینەوە."