کۆنسوڵخانەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای رزگارکردنی شەش کچی کوردی ئێزدی، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پیرۆزبایی لە نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەکات و هەوڵەکانیان بە "سەرکەوتوو" ناودەبات.
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، "پیرۆزبایی لە نادیە موراد و نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان و هەوڵە سەرکەوتووەکانیان بۆ رزگارکردنی شەش کچی ئێزدی لە دەستی داعش و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان."
 
رۆژی شەممە، 3ی حوزەیرانی 2023 نادیە موراد، براوەی هاوبەشی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە راگەیێندراوێکدا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و هەوڵەکانی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی کرد کە توانیویانە بە هاوکاری تورکیا، 6 کچی دیکەی ئێزدی بدۆزنەوە و بە کەسوکاریان ئاشنا بکەنەوە.
 
نادیە موراد لە راگەیێندراوەکەیدا نووسیویەتی، "هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبوایە، ئەستەم بوو ئەو ژنە ئێزدییانە رزگار بکرێن".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، نادیە موراد دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی بە کردنەوەی ئۆفیسێک بۆ رزگارکردنی ژن و کچە ئێزدییە رفێندراوەکان هاوکاربووە لەوەی زۆر لە بەدیلگیراوان لە دەستی داعش رزگاربکرێن".
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، داعش شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاند؛ لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون. لەوانەش، سێ هەزار و 562 کەسیان رزگارکراون و دوو هەزار و 693 رفێندراوی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.
 
دوای رزگارکردنی ئەو شەش ژنە، ئێستا ژمارەی رزگارکراوان بۆ 568 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بێسەروشوێنبووانیش بۆ 687کەس کەمبووەتەوە.