دەستەی گەشتوگوزار: ئەو گەشتیارانەی لە دەرەوەی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان زۆرینەیان ئێرانین

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ئێرانییەکان زۆرینەی ئەو گەشتیارانە پێکدەهێنن کە لە دەرەوەی عێراقەوە دێنە نێو هەرێمی کوردستان.
 
لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەشت دەروازەی سنووری هەن، لە زۆربەیانەوە هاتووچۆی گەشتیاری دەکرێت.
 
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و 25%یان خەڵکی دەرەوەی عێراق بوون.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە ژمارەی گەشتیاران لە دەرەوەی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بکەین، لەوەشدا ئەنجاممان هەبووە و چەند ساڵێک پێشتر 15%ی گەشتیاران خەڵکی دەرەوە بوون، بەڵام ئێستا رێژەکە بووەتە 25%."
 
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار لە دەرەوەی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، گەشتیارانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆرینەی ئەو گەشتیارانە پێکدەهێنن کە لە وڵاتانی دەوروبەر و دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵی رابردوو 150 کۆمپانیا، گەشتیاری ئێرانییان هێناوەتە هەرێمی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکانیان پێ ناساندوون.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید باسی لەوەش کرد، ئەوان هەموو ئاسانکارییەک بۆ گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن بۆئەوەی زیاتر بێنە هەرێمی کوردستان. گوتیشی، "بەتایبەت لە دەروازە سنوورییەکانەوە هەموو هاوکارییەکی گرووپە گەشتیارییە ئێرانییەکان دەکرێت."