دیداری زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێودەچێت
رووداو- هەولێر
لە شاری هەولێر دیداری زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەك پانێڵ لەبارەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دۆخی سیاسی و ئابووری پێشكەش دەكرێن، دیدارەكە دوو رۆژ (چوارشەممە و پێنجشەممە 4 و 5 ی 5-2016 ) دەخایەنێت، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و سیاسی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، زانکۆ ژینگەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لە دیدارەکەدا لایەنە سیاسییەکان نزیکببنەوە.
سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و سیاسی گوتیشی "لە ئەنجامدانی دیدارەکەدا دواجار ئەوەی دەتوانین بکەین ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان کۆبکەینەوە و لەنزیکەوە لەبارەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان دابنیشن، ئەگەر دیدارەکە نەتوانێت تەواو کێشەکانیش چارەسەر بکات، بەڵام دەتوانێت نزیکبوونەوەیەک دروست بکات لە ژینگەیەکی ئارامدا، ئەوەش ئامانجێکی گەورە دەپێکێت".
د. حوسامەدین گلی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لە زانکۆی سەڵاحەدین ئامادەکاری باشمان بۆ ناوەڕۆکی دیدارەکە کردووە، میوانانی دیدارەکەش بریتی دەبن لە جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، د. محەممەد عەلی، رێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان، هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سیروان بارزانی، فەرماندەی پێشمەرگە، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری پێشووی ژینگە و چەند لایەنێکی سیاسی دیكە.
لەبارەی نێوەڕۆکی دیدارەکە حوسامەدین گلی گوتی "پانێڵەکانی دیدارەکە بریتی دەبن لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دۆخی سیاسی و ئابووری، چەند تەوەرێکی دیکەش گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت".