فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی و وەستا حەسەن دەردەچێت

وەستا حەسەن و لاهور شێخ جەنگی

رووداو – KNN

دادوەری‌ لێكۆڵینەوەی‌ سلێمانی‌ فەرمانی‌ دەستگیركردنی بۆ هەریەكە لە وەستا حەسەن، بەرپرسی‌ ئاسایشی سلێمانی‌ و لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی‌ هێزی‌ دژە تیرۆر و لیوا عومەر، بەرپرسی هێزی‌ ئامادەی‌ سلێمانی‌ دەركرد.

ماڵپەری KNN زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویكردووەتەوە، كە لەسەر سكاڵای‌ پارێزەرانی‌ شەش هەڵسو‌وڕاوە دەستگیركراوەكەی‌ گۆڕان، دادوەری‌ دادگای‌ لێكۆڵینەوەی‌ سلێمانی‌ بەپێی مادەی‌ 433 ی‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی،‌ كە تایبەتە بە (لێدان و سو‌وكایەتیپێكردن و ناو زڕاندن) فەرمانی‌ دەستگیركردنی‌ بۆ هەریەكە لە بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی سلێمانی‌ و دژە تیرۆر و بەڕێوەبەری‌ هێزی‌ ئامادەی‌ سلێمانی‌ دەركرد.

شەوی هەینی‌ شەش هەڵسو‌وڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان، كە گۆڕان دەڵێ "بەپێی مۆڵەتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و لەدەرەوەی بنكەكانی جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان و لەهێڵی سێی چاودێریكردنی بنكەكان جێگیربو‌وی" دەستگیركران ‌و شەوی‌ رابرد‌ووش چوار لە هەڵسوڕاوە دەستگیركراوەكانی گۆڕان لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەرچوو.