عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: محەممەدی حاجی مەحموود خۆی ئاڕپیجیی بە خانووەکەمەوە ناوە

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات بە دەستی خۆی ئاڕپیجی بە خانووەکەیەوە ناوە و گوتیشی: "کوژرانی ئەو پێشمەرگەیە لە ئەستۆی گوتەبێژی حیزبەکەیە."
 
ئەمشەو پێنجشەممە، 04-04-2024، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی ناکۆکییەکانی نێو حیزب قووڵبوونەوە و بڕیاریاندا کۆنگرەی نائاسایی بکەن، منیش بڕیارمدا بەشداری بکەم، بەڵام داوام لێکرا نەچم، منیش داواکەم قبووڵکرد و ئەوانیش کۆنگرەی خۆیان بەست و هەرچی ناتۆرە هەیە بە ئێمەیان هەڵبەست ئێمە بێدەنگ بووین."
 
 
حاجی مەحموود گوتی: "ئەمڕۆ ئاسایش پەیوەندییان کرد کە کاریان نەماوە و دەتوانن بچنە ناو خانووەکەی خۆیان لە نزیک گوڵەخانە، منیش چەند کەسێکم ناردەوە بۆ ئەوەی خانووەکە ئامادە بکەن بۆ جەژن، بەڵام هێرشیانکردە سەریان و کاکە حەمە بە دەستی خۆی ئارپیجی لە خانووەکەم داوە، کە یەک کیلۆمەتر لێک دوورین."
 
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود کە ئێستا لە حیزبدا نەماوە، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە هۆکاری سەرەکی کێشەکان دەزانێت و دەڵێت، "سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم، ئەو هۆکاری کوژرانی ئەو ئەو گەنجەیە."
 
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 8:00ی ئەمشەو پێنجشەممە، هێزێکی سەر بە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، چوونەتە ئەو خانووەی کە کێشەی موڵکداری لەسەرە، لەکاتێکدا ئاسایش لەو شوێنەبووە و گوتوویانە کەس ناچێتەوە خانووەکە تاوەکو کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە.
 
فەرهاد تۆفیق گوتی: "هێزەکەی سەر بە عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، لەناکاو هێرشیانکردووەتە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک شەهید و یەکێکی دیکەش بریندار بووە."
 
بەڵام عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دەڵێت :"200 پێشمەرگە گەمارۆی ماڵەکەمیان داوە، ئەوان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئێمە و خۆشیان بەرپرسن لە کوژرانی ئەو گەنجە، هەروەها ئاسایش و هێزە ئەمنیەکان کەمتەرخەم بوون، پێشتر سکاڵام تۆمارکردووە و رێگەی یاساییم گرتووەتەبەر، بەڵام وازیان لێنەهێناوم."

 

 
لەبارەی تەندروستیی کوڕەکەشییەوە دەڵێت: "پارچەیەک بەر سەری کوڕەکەم کەوتووە و دڵنیانیم لەوەی تەندروستی چۆنە."
 
جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، سکاڵای یاسایی لەسەر محەممەد حاجی مەحموود تۆمارکردووە، "چونکە جارێکی دیکەش هێرشی کردووەتە سەرمان، داواش لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکەم ئەو هێزە لەو شوێنە نەمێنێ."
 
محەممەد حاجی مەحموود برا گەورەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموودە و پێش ئەم شەڕە، سەرۆک و جێگری پارتی سۆسیال دیموکرات بوون. عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەڵێت، "ئەو زۆر لە من گەورەترە، رێگە بە خۆم نادەم بچمە سەر ماڵەکەی، بەڵام ئەو بە چ حەقێک دێتە سەر ماڵەکەم، 40 ساڵە خزمەتی ئەو حیزبە دەکەم، ئەوە وەفاکەی بوو بۆ من؟ وەکو کەسی و وەکو حیزبی لێی جیابوومەتەوە، ئیدی نازانم چی لەمن دەوێ؟ ئامادەم بچمە دادگە و راستەوخۆ لەسەر تیڤی قسە بکەم، هیچ شتێکی کاکە حەمەم لا نییە، نە پارە و نە زەوی و ئاو، بەڵام تەسلیمی نابم، پیاو کەرامەتی هەیە، چی کردووە با بیکات."
 
بە گوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، ئاسایشی ناوچەکە دوای 50 خولەک شەڕ، ئینجا گەیشتنە شوێنەکە و دەشڵێت، "هەرگیز گوڵەخانە چۆڵناکەم، ئەو (کاکە حەمە) لە قەدەفەری لەدایکبووە، بەڵام من لە گوڵەخانە لەدایکبووم، بۆچی ئەو ناڕوات؟ من لەناو گوندەکە بووم تەنیا لەبەرئەوەی تووشی کێشە نەبین، چوومە شوێنێک کە کیلۆمەترێک لە ناوەندی گوندەکەوە دوورە."