بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان: بۆ دروستکردنی بەنداو هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ بەغدا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەند نەکردووە، بۆ دروستکردنی چوار بەنداوی گەورە و ستراتیژی، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هاوئاهەنگیی تەواویان لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقدا هەیە.
رۆژی دووشەممە 04-04-2022، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقدا هەیە، هەر پلانێک هەبێت، بە هاوبەشی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەگەر بەنداوێک لە هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوا لەنێو پلانی ستراتیژیی عێراقدا هەیە، خۆیان پلانە ستراتیژەکەیان داناوە تاوەکو 2035. بۆیە هەر بەنداوێک دروستبکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە، بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ لایەنی عێراقی".
رەحمان خانی دەشڵێت: "لێژنەی هاوبەشمان لەگەڵ لایەنی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەنداو دروستبکەن. داوامان لەلایەنی عێراقی کردووە پلانی ستراتیژیان خۆیان بۆ دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن".
رۆژنامەی سەباح، کە رۆژنامەی فەرمیی حکومەتی عێراقە، رۆژی دووشەممەی بڵاویکردەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای پاوەرچاینا (Power China) واژۆ کردووە، بەمەبەستی دروستکردنی چوار بەنداوی نوێ بەبێ ئاگاداری حکومەتی فیدراڵی. هاوکات ئاماژە بەوەدەکات دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر دۆسیەی ئاوی کوردستاندا نییە.
عەلی رازی، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری نەکردوونەتەوە، یاخود هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی فیدراڵ نەکردووە، لەبارەی دروستکردنی ئەو بەنداوانە. نەبوونی هاوئاهەنگیش کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر بەڕێوەبردنی ئاو لە تەواوی وڵاتدا.
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی سەر رووبارەکانی دیجلە و فورات و دەشڵێت پێویستە پرۆژەکانی بەنداو لە کوردستان گونجاوبێت لەگەڵ مەترسییە ستراتیژییەکانی ئاو لە عێراق، کە تاوەکو ساڵی 2035 درێژدەبێتەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی نموونەیی و راست سەرچاوەکانی ئاوی وڵات بەڕێوەببرێن.