سەرۆکی ئەنەکەسە و سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان -سووریا دەستی لەکارکێشایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە سەرۆکی ئەنەکەسە و سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان -سووریا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند. ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی هات لە سۆشیاڵمیدیا کە تێیدا هاوسۆزیی خۆی بۆ کچێک دەردەبڕێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 04-03-2023، لە راگەیێندراوێکدا؛ سعود مەلا، سەرۆکی ئەنەکەسە و سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان -سووریا گوتی، "رووبەڕووی پیلانێکی پیس بوومەتەوە"، بۆیە دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
 
سعود مەلا هاوڕێیانی لەو هەواڵە ئاگادار دەکاتەوە و دەشڵێت، ئەو وەکو سەرۆکی حیزبەکە کەوتووەتە بەر "پیلانێکی پیس"، بۆیە "لەپێناو پاراستنی حیزب و ئەنجوومەن و جەماوەرەکەمان" دەستلەکارکێشانەوەی خۆی وەک سەرۆک و سکرتێر لە هەردوو حیزبەکە رادەگەیێنێت.
 
سەرۆکی ئەنەکەسە و سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان -سووریا پێیوایە ئەو وەکو کەسی یەکەمی حیزبەکە رووبەڕووی ئەو "پیلانە" بووەتەوە و بە هاوخەباتەکانی دەڵێت، "هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەزخوازم لە ئەرکە نەتەوەییەکانتان." 
 
ئەو بەرپرسە لە راگەیێنداوەکەیدا هیوای سەرکەوتن بۆ حیزبەکە و هاوڕێیانی دەخوازێت و دەشڵێت، لەسەر ئەو رێبازەی کە زۆرینەی ژیانی لەگەڵی دا بەسەر بردووە کە "رێبازی بارزانی نەمر"ـە بەردەوام دەبێت و وەفادار دەبێت بۆ حیزبەکەی.
 
دەستلەکارکێشانەوەی سعود مەلا دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو ڤیدیۆیەکی بڵاوبووەوە و وا دەردەکەوێت کە لەگەڵ کچێکدا قسە دەکات، هەرچەندە لەو ڤیدیۆیەدا هیچ کچێک دەرناکەوێت و قسەش ناکات، بەڵام سعود مەلا هاوسۆزیی خۆی بۆ کچەکە دەردەبڕێت.