ئاسایشی پەیەدە ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پەدەکەسە دەستگیر دەکات

رووداو - هەولێر

ئاسایشی پەیەدە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 4-3-2017  هەڵیانکوتایە سەر ماڵی عەبدولڕەحمان ئاپۆ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەدەکەسە لە عەفرین و دەستگیریان کرد.

پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا (پەدەکەسە) راگەیەندراوێکی له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی به‌رپرسان و، كادیره‌ پێشكه‌وتووه‌كانیان له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتی یەکێتی دیموکراتی (په‌یه‌ده) بڵاوكرده‌وه‌ و، داوای ئازادكردنیان ده‌كات.

به‌پێی راگه‌یێندراوەکەی فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی ناوچه‌ی عه‌فرینی پەدەکەسە "ده‌سه‌ڵاتی په‌یه‌ده‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام: ئه‌ندام، لایه‌نگران، به‌رپرسان و كادیره‌ پێشكه‌وتووه‌كانمان به‌تۆمه‌تی جیاواز له‌ گوند و دێهاته‌كانی رۆژئاڤای كوردستان ده‌ستگیر ده‌كات، دوایینجار كاژێر 03:00ـی به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ 04-03-2017 بوو، کە هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵی عه‌بدولڕه‌حمان ئاپۆ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی پەدەکەسە و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار راپێچیان كرد". 

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "هێزه‌ چه‌كداره‌كان هەروەها هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵی عه‌دنان ئیبراهیم چاپۆ، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ده‌ڤه‌ری بولبولی پارته‌كه‌مان به‌بێ بوونی هیچ پاساوێك و، به‌شێوه‌یه‌كی دوور له‌ هه‌موو یاسا و رێسا كارپێكراوه‌كان". 

پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، به‌تووندی سه‌ركۆنه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌كانی ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامان و لایه‌نگران و سه‌ركرده‌كانی دەکات و، وەکو لە راگەیەندراوەکەیدا هاتووە "رای گشتی و ئه‌ندامانمان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ گوشارانه‌ هه‌رگیز واناکەن سڵبکەینەوە له‌ درێژه‌دان به‌خه‌باتی به‌رخودان و تێكۆشانمان و، گرتنه‌به‌ری رێبازی بارزانی نه‌مر".

پەدەکەسە به‌رپرسیاریێتی ته‌واو دەخاتە ئه‌ستۆی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و، وەکو لە بەیاننامەکەدا جەختی لەسەر دەکاتەوە "به‌رپرسیاریێتی ته‌واو دەخەیتە ئه‌ستۆی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌باره‌ی سه‌لامه‌تی گیانی كادرانمان و، داوا ده‌كه‌ین ده‌سبه‌جێ ئه‌حمه‌د سه‌یدۆ، ئیدریس عه‌لۆ و سه‌رجه‌م ئه‌ندام و كادیره‌ ده‌ستگیركراوه‌كانمان ئازاد بكرێن، چونكه‌ له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا پێویستمان به‌ته‌بایی و یه‌كڕیزی زیاتر هه‌یه‌". 

ئەمە لەکاتێکدایە سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 3-3-2017 شەڕە تەقە لەنێوان پێشمەرگەی رۆژئاوا و، یەبەشە لە بازگەیەکی کۆمەڵگەی خانەسۆری نزیک ناحیەی سنونێ روویدا، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا شەڕڤانێک لە هێزەکانی یەبەشە گیانی لەدەستدا و، سێ شەڕڤانی دیکەیش بریندارن، هەروەها چوار پێشمەرگە لە هێزی رۆژ برینداربوون.

هێزی رۆژ، لە پێشمەرگەکانی رۆژئاوای كوردستان پێكهاتووە، سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانین. رۆژی پێنجشەممە 2-3-2017 جوڵەیان پێکرا بەرەو نزیک سنووری رۆژئاوای کوردستان ‌و، لەنزیك شارۆچكەی سنوونێ‌ جێگیر کران. 

وەكو كاردانەوەیەكیش بەرامبەر جوڵاندنی هێزەکە لە سنووری شنگال و، دروستبوونی شەڕ لەنێوان ئەوان و شەڕڤانانی یەبەشەی سەر بە پەكەكە، لە چەند شوێنێكی رۆژئاوای كوردستان هێرشكرایە سەر بارەگاكانی ئەنەكەسە.

بەپێی سەرچاوەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئێوارەی رۆژی هەینی، لایەنگرانی پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە، لە هەریەك لە شارەكانی: قامشلۆ و دربێسیێ لە رۆژئاوای كوردستان، هێرشیان كردووەتەوە سەر بارەگاكانی ئەنەکەسە.