رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە یەک گوژمە بڕی 958 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە زووترین کاتدا مووچە دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، بەدیاریکراوی (958,012,332,759)یە، واتە نۆسەد و پەنجا و هەشت ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار.
راشیگەیاند، لە زووترین کاتدا وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەکات.
پێشتر، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد کە بڕەکەی زیاترە لە 950 ملیار دینار.
🔴 سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رووداو: وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد.
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 4, 2025
زانیاریی زیاتر:https://t.co/XCEEcgsssO pic.twitter.com/nwvXPKijK9
""بەبێ گرفت مووچە خەرج دەکرێت
دوێنێ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق رێککەوتین مووچەی ئەم ساڵ بەبێ گرفت خەرج بکرێت".
گوتیشی، "دەتوانین بڵێین بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچەخۆران کۆتایی هاتووە، بۆ مانگی یەک سبەی و دووسبەی بەرنامەی دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات، هیوامان وایە ئەمە دواجار بێت کە مووچەی مووچەخۆران پێویستی بە هەواڵ بێت، چونکە مووچەخۆران نزیکەی 12 ساڵە لە نەهامەتیدان؛ بەخۆشحاڵییەوە دەتوانین بڵێین ئەو کێشانە کۆتاییان هات".
هەروەها، وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (2025)ن و "چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەمویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بە گەیشتنی تەمویلەکە راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ