رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای قەمەر ئێنرجی رایگەیاند، پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجە "گرنگە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان. لەوەش گرنگتر، زیادکردنی داهاتە، چونکە نرخی فرۆشتن ئێستا لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە.''
رۆبن مێڵز، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای قەمەر ئێنرجی کە میوانی شەهیان تەحسین بوو لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو، رایگەیاند ئەگەر هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە، دەتوانن لەماوەی سێ مانگدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێننە 390 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ رۆبن مێڵز، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای قەمەر ئێنرجی:
رووداو: پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجە هەنگاوێکی چۆنە بۆ نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان؟
رۆبن مێڵز: لە چەند مانگی رابردوودا هەندێک نیشانەی ئەرێنیمان لەبارەی کردنەوەی ئەو بۆڕییە نەوتەی بۆ تورکیا دەڕوات بینیوە، کە بێگومان گرنگە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان و لەوەش گرنگتر زیادکردنی داهاتە، چونکە نرخی فرۆشتن ئێستا لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە. بەڵام ئەم هەمووارکردنە لە لیژنەکەدا لە پەرلەمانی بەغدا تووشی بەرهەڵستی بووە، هەندێک ئەندامی لیژنەی نەوت دژایەتی دەکەن و رەشنووسی تایبەتی خۆیان پێشکەش دەکەن، کە زۆر جیاوازە و داوای کۆنترۆڵی زیاتری حکومەتی فیدراڵ دەکەن بەسەر کەرتی نەوت و دارایی کوردستاندا. کەواتە وا دەردەکەوێت هێشتا پێویستمان بە گفتوگۆ و باس و خواسی زیاترە، پێش چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. پێموانییە رەشنووسەکەی ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پەسند بکرێت. لە هەمان کاتیشدا، نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە زۆری وا دەردەکەوێت تەنیا چاوەڕێی پەرلەمان دەکات و دەیەوێت بزانێت چی روودەدات.
رووداو: لە لایەنی تەکنیکییەوە، چەند کاتی پێویستە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت؟
رۆبن مێڵز: پێش داخستنی بۆرییەکە، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 390 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. ئێستا بڕەکە کەمێک لە 200 هەزار بەرمیل زیاترە. بەراورد بەو ماوە کورتەی دوای داخرانی بۆڕییەکە، زۆر باش بووەتەوە، بەڵام هێشتا زۆری ماوە بگاتەوە لووتکەی خۆی. بەڵام کۆمپانیاکان دەتوانن خێرا بەرهەم زیادبکەنەوە؛ ئەگەر بۆڕییەکە بکرێتەوە. دەتوانم، بڵێم بە دوو، سێ مانگ دەتوانن بگەنەوە لووتکەی بەرهەمی جارانیان.
رووداو: هەنگاوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت چی دەبن؟
رۆبن مێڵز: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە؛ کۆمپانیا نەوتییەکان چەند پارەیان پێدەدرێت بەرامبەر بە بەرهەمهێنانەکەیان. تێچووی بەرهەمهێنانیان هەیە، بەگوێرەی مەزەندەی کۆمپانیاکان نزیکەی 20 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها 6 دۆلاریش تێچووی گواستنەوەیە بۆ گەیاندنی نەوتەکە بۆ خاڵی فرۆشتن. سەرەتا لایەنی فیدراڵی پێشنیازی تەنیا 6 دۆلاری کرد بۆ هەر بەرمیلێک، کە بەس نییە. ئێستا وا دیارە بڕەکە بەرزبووەتەوە بۆ 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کە نزیکترە، بەڵام هێشتا کورتهێنان هەیە. کۆمپانیاکانی کارکەر لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێت پارەی زیاتر وەربگرن بۆ دابینکردنی تێچووەکانیان بە تەواوی. هەموو کۆمپانیاکان هەمان تێچوویان نییە. ئێمە باسی تێکڕایەک دەکەین لێرەدا. پێویستە پارەدانێکی تێکڕایی هەبێت و دواتر هەندێک گونجاندن بۆ قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا جیاوازەکان بەگوێرەی بارودۆخەکانیان هەبێت. بەڵام لانیکەم ئەگەر بتوانین دەست بە پارەدانی کاتی بکەین، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەکەوە دەستپێبکاتەوە، دواتر دەکرێت وردەکارییەکانی پارەدان دیاری بکرێن.
رووداو: بۆچی ئەو جیاوازە لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دا هەیە؟
رۆبن مێڵز: بێگومان حکومەتی فیدراڵ دەیەوێت کەمترین پارە بۆ بەرهەمهێنان بدات. دەیانەوێت بڕی ئەو بودجەیە سنووردار بکەن، کە دەبێت بۆ ئەم مەبەستە تەرخانی بکەن. لایەنی فیدراڵ هەروەها دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنان لە باشووری عێراق زۆر کەمە. دەکرێت بڵێین شەش دۆلار ژمارەیەکی گونجاوە لەوێ. بۆچی دەبێت ژمارەیەکی زۆر بەرزتر بدەن بۆ بەرهەمهێنان لە کوردستان؟ لەبەرئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان گرانترە. زەحمەتترە. رێڕەوی هەناردەکردن درێژترە، چونکە دەبێت بە تورکیادا تێپەڕێت. ئەم کێڵگانەش لە هیچەوە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا پەرەیان پێدراوە. لەکاتێکدا، بێگومان باشووری عێراق ئێستا نزیکەی 70 یان 80 ساڵە پیشەسازییەکی گەورەی نەوتی هەیە. واتە دوو دۆخی زۆر جیاوازن.
رووداو: هەندێک دەڵێن دەبێت ئەو کورتهێنانە پڕبکرێتەوە کە لەنێوان 16 بۆ 26 دۆلارە، ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کورتهێنانە پڕدەکاتەوە؟
رۆبن مێڵز: پێموانییە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کەلێنە پڕبکاتەوە، چونکە دیارە پشت بە گواستنەوەی بودجە و داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردنی بەرپرسیارێتییەکانی خۆی. بۆیە پێموایە زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە یان حکومەتی فیدراڵ دەبێت ئەو بڕەی دەیدات زیاد بکات، یان کۆمپانیاکان دەبێت قبووڵی بکەن کە پارەی کەمتر وەردەگرن. بەڵام هەموو شتێک پشت بە کۆمپانیاکە دەبەستێت، چونکە هەندێک کۆمپانیا لە کوردستان، وەک باسم کرد، تێچووی بەرهەمهێنانیان کەمترە و هەندێکیان زیاترە. ئەم 26 دۆلارە تێکڕایە. مەرج نییە بۆ هەموو کۆمپانیاکان وەک یەک بێت.
رووداو: کاتێک دەڵێن 26 دۆلار، بەرزترین تێچووە ئایا کۆمپانیا هەیە تێچووەکەی زیاتر بێت؟
رۆبن مێڵز: ئەوە تێكڕایە. واتە هەندێک کۆمپانیا زیاترە و هەندێکیان کەمترە. ئێمە بە وردی نازانین چەندە بۆ هەر کۆمپانیایەک، چونکە ئەو ژمارانە نهێنین. بێگومان، ئەمە بەشێکە لە گفتوگۆکان کە لایەنی بەغدا دەیەوێت ئەم زانیارییانە و گرێبەستەکان ببینێت بۆ تێگەیشتن لە تێچووەکانی هەر کۆمپانیایەک. پێشنیازێک بۆ دانانی راوێژکارێک هەیە، کە دێت و وردبینی لەم گرێبەستانە دا دەکات بۆ دەرخستنی ژمارەی دروست. تائێستا ئەو راوێژکارە دانەنراوە، بۆیە ئەم پرۆسەیە دەستیپێنەکردووە.
رووداو: چەند کۆمپانیا داوای ئەو پارەیە دەکەن؟ داوا لە کێ دەکەن؟
رۆبن مێڵز: تۆ پێشتر گرافیکێکی زۆر باشت پێشکەش کرد، کە تێیدا هەموو ئەو کۆمپانیایانەت خستەڕوو کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لەگەڵ ئاستی بەرهەمهێنانیان. بێگومان باست لە DNO و گەڵف کیستۆن و گەنەل و کۆمپانیاکانی دیکەش کرد. بەدڵنیاییەوە هەموو ئەم کۆمپانیایانە دەیانەوێت پارەی کارەکانیان وەربگرن. ئێستا دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان تێچووی زۆری ناوێت، تەنیا کردنەوەی بیرەکان و زیادکردنی بەرهەمە. کێشەکە ئەوە نییە. کێشەکە ئەوەیە کۆمپانیاکان دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی پارەی تەواوی بەرهەمهێنانەکەیان وەردەگرن و هەموو تێچووەکانیان دابیندەکرێت. ئەمەیە کێشە راستەقینەکە. بێگومان، زۆربەی ئەم کۆمپانیایانە ئەمڕۆ بەرهەمهێنانیان هەیە.
رووداو: دەتوانی ژمارەیەک بڵێی، داوای چەند دەکەن؟
رۆبن مێڵز: بەگوێرەی ئەم بارودۆخە، زۆربەی ئەم کۆمپانیایانە ئێستا بەرهەمهێنانیان هەیە، نەوت بۆ بازاڕی ناوخۆ بەرهەمدەهێنن، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە بەرزەی دەیانتوانی پێیبگەن، ئەگەر بۆریی نەوتەکە کرابایەوە. لەوانەیە تێچووی زیادکردنی بەرهەمهێنان بۆ ئەم کۆمپانیایانە کەم بێت. رەنگە باس لە چەند ملیۆن دۆلارێک بکەین بۆ هەر کۆمپانیایەک، کە بڕێکی زۆر نییە بەراورد بەو داهاتەی لە زیادکردنی بەرهەمهێنانەوە دەستیان دەکەوێت، بەڵام کۆمپانیاکان دەبێت دڵنیابکرێنەوە لەوەی بە تەواوی و بە دادپەروەرانە پارەکانیان پێدەدرێت. راستییەکەی کێشەکە ئەوەیە بۆیان. پێویستە تێچووە کارگێڕییەکانیان دابین بکەن، بۆ نموونە، مووچەی کارمەندەکانیان، ئامێرەکانیان، چاکسازی و پاراستنیان. هەروەها ئەو ماددە کیمیاییانەی بەکاریاندەهێنن و هەموو ئەو تێچووە کارگێڕییانە. پێویستیان بە تێچووی گواستنەوەش هەیە، کە دەیدەنە بۆریی نەوتەکە بۆ گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا. هەروەها دەبێت پارەی هەموو ئەو وەبەرهێنانە پێشووەیان پێ بدرێت کە لە هەڵکەندنی بیرەکان و دروستکردنی دامەزراوەکان و ئەوانی دیکە کردوویانە، کە هێشتا هەوڵدەدەن پارەکانیان وەربگرن.
رووداو: چەند کێڵگە لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان داخراون؟
رۆبن مێڵز: من، ژمارە وردەکەم لەبیر نییە، بەڵام تۆ باست لە کۆمپانیاکان کرد، زۆربەی ئەم کۆمپانیایانە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستانن، هەریەکەیان لە یەک کێڵگە دا کاردەکەن، هەندێکیان لەوانەیە لە دوو کێڵگەدا کار بکەن. بۆ نموونە، کۆمپانیای DNO لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشابوور کار دەکات. ئەگەر ژمارەی کۆمپانیاکان کۆبکەینەوە، ئەوە نزیکەی ژمارەی کێڵگەکانە. هەندێک کۆمپانیا لەوانەیە دوو کێڵگەیان هەبێت. بۆ نموونە، گەڵف کیستۆن تەنیا یەک کێڵگەی هەیە کە شێخانە. ژمارەی کێڵگەکان زۆر نییە. نزیکەی 10 بۆ 15 کێڵگەی بەرهەمهێن هەن. راستییەکەی چوار یان پێنج کێڵگە زۆربەی نەوتەکە بەرهەمدەهێنن. کۆمپانیای کار گرووپ، کە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی کوردییە، گەورەترینیانە. ئەو کێڵگەیەی من لێی ئاگادارم، تەق تەق داخراوە، بەڵام نەک بەهۆی بۆرییەکەوە. داخرانەکەی بەهۆی کێشە تەکنیکییەکانی پێشووترەوە بوو. ئێستا هەندێک پلان هەیە بۆ دووبارە، کردنەوەی. کێڵگەکانی دیکە کاردەکەن و بەرهەمیان هەیە، بەڵام نەک بە ئاستی بەرزترین توانایان.
رووداو: هیچ کۆمپانیایەک هەیە لە هەرێمی کوردستان کشابێتەوە؟
رۆبن مێڵز: کۆمپانیاکان کارەکانیان رانەگرت بەهۆی نزمیی نرخ یان لەدەستدانی دەستگەیشتن بە بۆریی نەوتەوە، بەڵکو بەرهەمهێنانیان کەمکردەوە، چونکە بازاڕی ناوخۆ ناتوانێت هەموو نەوتەکە وەربگرێت. توانای پێویست نییە بۆ پاڵاوتن و هەناردەکردن بە تانکەر و شتی لەو جۆرە. ئەگەر بڵێین کۆمپانیاکان لە بازاڕی ناوخۆدا بەرهەمەکانیان دەفرۆشن، بەرمیلێک بە نزیکەی 30 دۆلارە. ئێستا، نرخی بازاڕی جیهانی نزیکەی 70 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. دەتوانیت ببینیت کە کۆمپانیاکان کەمتر لە نیوەی نرخی بازاڕی جیهانی وەردەگرن، بۆیە دەتوانن لەو ئاستەدا بەرهەمبهێنن، بەڵام ناتوانن بەو رێژەیە بەرهەمبهێنن کە دەیانەوێت.
رووداو: کۆمپانیاکان داوای چی دیکە دەکەن؟ ئایا داوای گرێبەستی نوێ دەکەن؟ کەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە گفتوگۆ دەکەن؟
رۆبن مێڵز: ئەو کۆمپانیانە هەموویان گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و چەندین ساڵە ئەو گرێبەستانەیان هەیە. راستییەکەی ئەوەی پێویستیانە، دوو شتە؛ یەکەم، وەک باسمان کرد، پێویستە بزانن چەند پارەیان پێدەدرێت. ئایا تێچووەکانیان بە تەواوی دابیندەکرێت؟ هەروەها ئایا لە کاتی خۆیدا و بەشێوەیەکی متمانەپێکراو پارەکانیان پێدەدرێت؟ دووەم، پێویستیان بەوەیە حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا دان بەوەدا بنێت گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان یاساییە. یان پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەدا بکرێت بۆ ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە وەک گرێبەستی یاسایی قبووڵ بکرێن. لەم دواییانەدا چەند کەیسێکی دادگا لە بەغدا هەبوون و یەکێک لەو کەیسانە ئەوە بوو کە ئەو گرێبەستانە تائێستا دروستن. بۆیە کۆمپانیاکان سەرکەوتوو بوون لە بردنەوەی کەیسێک، بەڵام پێویستیان بەوەیە ئەوە بە بەباشی پشتڕاستبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ