لە قوتابخانەیەکی سلێمانی منداڵێک گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی - 122 بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی "گازی سۆپاوە" قوتابییەک لە قوتابخانەی گوندی چەقڵاوا گیانی لەدەستداوە و 7-8 قوتابیی دیکەش تەنگەنەفەس بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
لەبارەی ئەوەی کە دەگوترێت مامۆستاکانی قوتابخانەکە هۆکاری مردنی قوتابییەکە بوون، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی - 122 گوتی، ئەوە کاری پۆلیسە و تاوەکو لێکۆڵینەوە نەکرێت روون نییە.
بەڵام تریفە عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی لە زاری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە قسەیەکی جیاواز دەکات و دەڵێت، یەک منداڵ بووە و "منداڵەکەش لەسەر کورسیی نێو پۆلەکەی بەلادا کەوتووە و کاتێک هاوڕێکانی مامۆستاکانیان ئاگادار کردووەتەوە، بردوویانەتە ئیدارە و لەوێ دوو پرخەی کردووە و کەف لە دەمی هاتووە و گیانی لەدەستداوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی، رووداوەکە لەکاتی پشووی نێوان وانەکان بووە و لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش ئەوەی خستەڕوو، نازانن چی بووە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی داد پزیشکین. ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگاداری ئەو حەوت منداڵەی دیکە نین کە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئەو نەخۆشخانەی لەوەندی بۆ براوە، نەخۆشخانەیەکی تایبەتە و رووداو پەیوەندیی پێوە کردن، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدەن و تەنیا گوتیان، "یەک منداڵیان هێناوە و ئێستاش لە نەخۆشخانەکەمان نەماوە."