قایمقامی ئامێدی: بەهۆی سەرماوە سبەی پشووی فەرمییە


رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی ئامێدی رایگەیاند، بەهۆی ساردی کەشوهەوا لە قەزاکەیان رۆژی یەکشەممە کرایە پشووی فەرمی.
 
ئەمڕۆ شەممە 4-2-2023، وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، بەهۆی خراپی کەشوهەوا لە قەزای ئامێدی رۆژی یەکشەممە لەسەرجەم خوێندنگەکان پشووی فەرمییە. 
 
قایمقامی ئامێدی گوتیشی: ئێستا وشکە بەفرێکی زۆر لە ناوچەکە دەبارێت، پلەی گەرمی چوار پلە ژێر سفرە. ئەگەری زۆرە تا درەنگی شەو بەردەوام بێت و سبەی ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بکات.
 
 
وارشین سەلمان دەڵێت: تیمەکانمان خەریکی پاککردنەوەی رێگەوبانن، بەڵام پێڕاناگەن؛ بەفرەکە وشکە و راماڵینی زەحمەتە، بەشێک لە مامۆستاکانمان لە پارێزگای دهۆکەوە دێن بۆ ئامێدی، بۆ پاراستنی گیانی مامۆستا و خوێندکارانمان رۆژی یەکشەممەمان کردە پشوو.