مەلا هەرمان بێسفکی: خێر بە مزگەوت ناشێت و با خاوەن مۆلیدەکان هاوکاریی خێزانە هەژارەکان بکەن

رووداو دیجیتاڵ

گوتاری مامۆستایەکی ئایینی لە دهۆک، گلەیی پزیشک و خاوەن مۆلیدەکانی لێدەکەوێتەوە، ئەویش لە رێگەی رووداوەوە دەڵێ لەسەر قسەکەی سوورە و تائێستاش کەس سکاڵای لەسەر تۆمار نەکردووە. 
 
مەلا هەرمان بێسفکی، گوتاربێژی مزگەوتی مەلا ئیبراهیم ماسیکی لە شاری دهۆک لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "تاوەکو ئێستا کەس لەسەر گوتاری رۆژی هەیینی سکاڵای تۆمار نەکردووە، ئەگەر سکاڵاش هەبێت، بە سنگ فراوانییەوە وەریدەگرم."
 
مەلا هەرمان بێسفکی لە گوتاری هەیینیدا رەخنەی لە پزیشک و خاوەن مۆلیدەکان گرت و گوتی، "پەیامێک بۆ سەرۆک و مەرجەعی کورد دەنێرین، بەبۆنەی ئەو ئاڵایەی (ئاڵای کوردستان) کە بە هەزاران گەنج لەپێناویدا خوێنی داوە، چارەسەرێک بۆ پزیشک و خاوەن مۆلیدەکان بدۆزنەوە، ئەوان دڵی ئێمەیان تۆقاندووە."
 
لەبارەی هۆکاری ئەو گوتارە، مەلا هەرمان بە رووداوی گوت "خەڵک گلەیی دەکەن و من قسەیەک نابەمە سەر منبەری پێغەمبەر (د.خ.) ئەگەر 100٪ لێی دڵنیا نەبم." 
 
مەلا هەرمان دەڵێت ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و دۆکیۆمێنتی بەدەست گەیشتووە "کە پیشانی دەدەن، خەڵک بەکاردەهێنرێن."
 
گوتارەکەی مەلا هەرمان کاردانەوەی پزیشک و کۆمەڵەی خاوەن مۆلیدەکانی لێکەوتەوە و، دەڵێن "ئەم گوتانە قبووڵ ناکەین."  
 
ئەوان لە راگەیێندراوێکدا گوتیان "مەلا هەرمان زۆر بەتووندی باسی خاوەن مۆلیدە و کاری مۆلیدەکانی کردووە، کە ئەمە لەلایەن کۆمەڵەی مۆلیدەکان لە دهۆک قبووڵ ناکرێت."  
 
کۆمەڵەی خاوەن مۆلیدەکان دەڵێن، "بە هیچ شێوەیەک خاوەنی مۆلیدەکان بڕیار لەسەر نرخی ئەمپێری کارەبا نادەن، بەڵکو قایمقامیەت و لیژنەی باڵا کە سەر بە حکومەتن، بڕیار دەدەن."
 
کۆمەڵەی مۆلیدەکان هەروەها دەڵیت، "ئەگەر ئێمە (بێ ویژدان) بین، چۆن بێبەرامبەر کارەبا دەدەینە سەدان مزگەوت، قوتابخانە، ماڵە شەهید و کەسانی کەمدەرامەت؟"
 
لە وەڵامی ئەو گلەییەی خاوەن مۆلیدەکان، مەلا هەرمان گوتی، "خێر بە مزگەوت ناشێ و زەکاتیش بە مزگەوت نادرێت. با خاوەن مۆلیدەکان کارەبا بدەنە خێزانی شەهید، هەژار و ئەوانەی ژیانیان لەسەر مووچەیە، کە دەبێ 20 هەزار بە یەک ئەمپێر کارەبا بدەن." 
 
هەر لەبارەی قسەکانی مەلا هەرمان، د. یوسف عەلی کە پزیشکێکی ناسراوی خەڵکی دهۆکە لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ئەو قسانە ئێمەی ئازار داوە، لە گوتارەکەیدا ئێمەی پزیشکانی ناچار کردووە نرخی پلیت کەم بکەین و ئەگەر ئەم کارە نەکەین بازرگان و  بێویژدانین."
 
دکتۆر یوسف عەلی گوتی، "پێویست بوو بەشێوەیەکی باش پەیامەکەی بنێرێت و داوای هاوکاری لە پزیشکان بکات، لەبەرئەوەی پزیشک هەیە کە پارەی پشکنین و نەشتەرگەری لە نەخۆشی کەمداهات وەرناگرێت." 
 
 
بە گوتەی دکتۆر یوسف، ئەو گوتارە دەبێتە هۆی "نەمانی متمانە لەنێوان نەخۆش و پزیشك و درزدەکەوێتە نێوانیان."
 
لە وەڵامی گلەیی پزیشکانیش، مەلا هەرمان دەڵێت "لەو کاتەی ئەم گوتارەم داوە و تاوەکو ئێستا، نموونەی باشم بۆ نەهاتووە." 
 
بەگوتەی مەلا هەرمان "ئەگەر ئێستا پزیشکان بێنە سەر هێڵ و بڵێن تاوەکو ئەو کاتەی قەیرانی مووچە هەیە، ئێمە نرخی پلیت دەکەینە 10 هەزار دینار، لە گوتاری داهاتوومدا لەسەر مینبەر نزایان بۆ دەکەم." 
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئەوقافی دهۆک بڕیاریداوە لەگەڵ مەلا هەرمان، سەندیکای پزیشکان و کۆمەڵەی مۆلیدەکان کۆببێتەوە. 
 
مەلا ناسیح محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک بە رووداوی گوت، "دەبینین لە دهۆک گرانی هەیە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەپێویستمان زانی هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی زانایان، سەردانی سەندیکای پزیشکان و کۆمەڵەی خاوەن مۆلیدەکان بکەین." 
 
مەلا ناسیح هەروەها گوتی، "لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایان و یەکێتیی زانیان، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەگەڵ مەلا هەرمان کۆدەبینەوە."
 
بە گوتەی مەلا ناسیح، "ئەو کێشانە لە دهۆک هەن، خەڵک گلەیی لە گرانی دەکەن، بەڵام نابێ سەرجەم پزیشک و خاوەن مۆلیدەکان بە یەک چاو سەیربکرێن."