خوێندنی باڵا: وەرگرتنی پارەی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بۆ ساڵی ئایندە دوادەخرێت
رووداو هەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیاریداوە بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە خوێندکاران و قوتابیان لە سەرجەم قۆناخەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا.
وەزارەتەکە گشتاندنێکی بە واژۆی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا بۆ سەرجەم زانکۆ حکومییەکان ناردووە و تێیدا هاتووە: "بڕیارمان دا بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خویندنی پارالێڵ و ئێواران لە خوێندکاران و قوتابیانى سەرجەم قۆناخەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا کە بە پارالێڵ یاخود ئێواران لە زانکۆکان و دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەت دەخوێنن".
بڕیارەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 03-12-2024، دراوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، "پێویستە وەرگرتنی قستەکان بخرێتە مانگەکانی داهاتووی ساڵی ئایندە، بەپێی خشتەیەکی رێکخراو کە رەچاوی بارودۆخی داهات و دارایی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات".
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکەیان "بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و دۆخی دارایی قوتابیان/ خوێندکاران و داهاتی کەسوکار و خێزانەکانیان و دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانیان" بووە.
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا:
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خویندنی پارالێڵ و ئێواران لە خوێندکاران و قوتابیان لە سەرجەم قۆناخەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا.
لە گشتاندنێکدا کە بە ئیمزاى د. ئارام محەممەد، قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە و ئاراستەى گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە، تیایدا هاتووە؛ بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و دۆخی دارایی قوتابیان/ خوێندکاران و داهاتی کەسوکار و خێزانەکانیان و دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانیان، بڕیارماندا بە: دواخستنی وەرگرتنی پارەی خویندنی پارالێڵ و ئێواران لە خوێندکاران و قوتابیانى سەرجەم قۆناخەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا کە بە پارالێڵ یاخود ئێواران لە زانکۆکان و دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەت دەخوێنن.
هەر لە بڕیارەکەدا هاتووە؛ پێویستە وەرگرتنی قیستەکان بخرێتە مانگەکانی داهاتووی ساڵی ئایندە، بەپێی خشتەیەکی رێکخراو کە رەچاوی بارودۆخی داهات و دارایی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات.