حەیدەر شەشۆ: بەهۆی شەڕی سووریاوە مەترسی لەسەر شنگال هەیە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان دەڵێت، بەهۆی شەڕی سووریاوە مەترسی لەسەر کوردی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری هەیە. رەخنەش لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێت و دەڵێت لە دۆخی هێزەکانیانیان ناپرسنەوە و هاوئاهەنگییان لەگەڵدا ناکەن.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی ئەمڕۆ سێشەممەی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "ئێستا هێزی سەربازیی عێراقیی لە ناوچەی شنگال هەن، بەتایبەت لە رەبیعە، چونکە ئەوێ خاڵێکی سنوورییە و لەوێدا جێگیرن".
هەرچەندە شنگال زیاتر لە 400 کیلۆمەتر لە مەیدانی شەڕە نوێیەکەی سووریا دوورە، بەڵام حەیدەر شەشۆ دەڵێت نابێت شەڕەکە بە هەند وەرنەگیرێت: "چونکە رێکخراوە تیرۆرستییەکان لە ناوچەکەدا هەبوون".
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان گوتی: "شەڕ لە حەلەبی سووریا هێرشی داعشی لە ساڵی 2014 هێنایەوە بەرچاومان، کە دوای داگیرکردنی موسڵ هێرش کرایە سەر شنگال. بۆیە ئێستاش مەترسی لەسەر شنگال هەیە".
حەیدەر شەشۆ باسی لەوەکرد، بەهۆی شەڕی نێوخۆ و هێرشی داعشەوە لە عێراق، دەبێت حکومەتی عێراق دۆخەکە بە هەند وەربگرێت. بە گوتەی ئەو، لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق "رێکخراوی تیرۆرستی" لە نێوخۆدا سەرهەڵدەدات.
ئەو فەرماندەیەی کوردانی ئێزدی گوتیشی: "ترسی هاتنی گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ عێراق نییە، بەڵام ترسی سەرەکیی ئەوەیە هاوشێوەی ئەوان لەنێوخۆی عێراقدا هەبن و لەگەڵ پاشماوەکانی داعشدا سەرهەڵبدەنەوە و دۆخی عێراق تێکبدەن".
حەیدەر شەشۆ پێیوایە، ئەگەر ناکۆکیی سیاسی و پیلانی نێودەوڵەتی نەبێت، مەترسی زۆر لەسەر شنگال نییە لەم دۆخەدا. فەرمادەی هێزی پاراستنی ئێزدخان. گوتی: "ئەگەر مەترسیش هەبێت ئێمە وەکو خەڵکی شنگال و ئێزدی هەموو کات بۆ بەرگری ئامادەین".
ئێستا هێزە جیاکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال و رۆژئاوای کوردستان جێگیر کراون و دیواری کۆنکرێتیشیان داناوە. حەیدەر شەشۆ گوتی: "هێزەکە تەواوی سنوورەکەیان گرتووە و جۆرەها چەکیشیان پێیە".
فەرماندە کوردەکەی ئێزدخان دەڵێت، حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی دروست مامەڵەیان لەگەڵدا ناکات. گوتیشی: "لە شنگال و دەوروبەری و گوندەکانیدا ئامادەین بەرگری بکەین، بەڵام لە بابەتی سنووردا ئەرکی سوپای عێراقە".
حەیدەر شەشۆ داوایکرد، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستوەردان بکەن، بۆ ئەوەی ئەوەی بەسەر شنگالدا هات، دووبارە نەبێتەوە.
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان نیگەرانیی خۆی لە پشتیوانینەکردنیان دەربڕی و گوتی: "بەداخەوە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە حکومەتی عێراق ئێمەی پشتگوێ خستووە و پرسیارمان لێ ناکات. ناڵێن دۆخی شنگال چۆنە و چیتان پێویستە تاوەکو بتوانن بەرگری لە خۆتان بکەن. لیوای پاراستنی ئێزدخان لیوایەکی وەزارەتی پێشمەرگەیە، بەڵام بەو چاوەوە سەیری ناکەن، بەداخەوە لەم دۆخەدا تەلەفۆنێکیشیان بۆ نەکردووین".