سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین: کێشەی ئاوی گەرمی خوێندکاران چارەسەر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
خوێندکارانی بەشەنێوخۆییەکانی شەهید شەوکەوت لە هەولێر گردبوونەوە و رێگەی سەرەکی هەولێر - کەرکووکیان داخست. سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدینیش دەڵێت: "لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان قسەم کردووە و کێشەی ئاوی گەرم و کارەبا چارەسەر دەکرێت."
رۆژی شەممە 3-12-2022، خوێندکارێکی بەشەنێوخۆییەکانی شەهید شەوکەت لە هەولێر بە بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری رووداوی گوت: "داواکارین خزمەتگوزارییەکانی بەشەنێوخۆییەکانی کوڕان چاکبکرێت، ئاوی گەرم دابین بکرێت، ئاوەکەی پاکبکرێتەوە، بەڕاستی بە کەڵکی بەکارهێنان نایەت، بەشەنێوخۆییەکان زۆر پیسن، داواکارین هاوشێوەی بەشەنێوخۆیی کچان خزمەتگوزاری بگاتە ئێرەش، چونکە هەندێک خزمەتگوزاری لەوێ هەن ناگەنە ئێرە. سێ ساڵە خوێندکار دێتە سەر شەقام هەموو جارێک بەڵێنمان پێ دەدرێت، بەڵام هەر جێبەجێی ناکەن."
کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین چووە نێو گردبوونەوەکە و لەبارەی کێشە و داواکاری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەی گەرمکەری ئاویان هەیە، ئەوە 20 ساڵە چەندینجار چاککراونەتەوە، ئێستا گەیشتووەتە ئەوەی لەحیمەکەی تەقیوەتەوە، ئەگەر بیکەینەوە دووبارە دەتەقێتەوە و ئەوەش مەترسیدارە."
وەک کامەران یونس دەڵێت: "ئەو ئامێرە لە هەموو شوێنێک نییە، داوامان کردووە و دەڵێن، لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، ئێستا لەگەڵ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان قسەم کرد و رەزامەندییان داوە کە گەرمکەرەکانی پەرلەمان بگوازرێنەوە بۆ بەشەنێوخۆییەکان، بەڵام ئەوەش کاتی دەوێت، دوای ئەوە کێشەی کارەباش چارەسەر دەکەین."
هاوکات، سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، بەردەوام سەردانی بەشەنێوخۆییەکان دەکەن. ئێستاش بەڕێوەبەری بەشەنێوخۆییەکان و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لەنێو خوێندکارانن و بەڵێندراوە کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، بەزووترین کات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار هەموو کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت.