مەسرور بارزانی: داعش هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆسەر خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داعش بووەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆسەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی داعش بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە داخ و خەمێکی قووڵەوە، دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ، ژمارەیەک هاووڵاتی و پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون".
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان کردووە و هیوای چاکبوونەوەی خێراشی بۆ بریندارەکان خواستووە.
 
وەکو لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، "تیرۆریستانی داعش، بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆسەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە پێویستە هەرچی زووە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و رێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بهێندرێت و ژیانی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش، پارێزراو بێت".
 
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ برەودان بە هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق بەگشتی و ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر پەلاماری داعش بەتایبەتی، دووپاتکردووەتەوە.