زانکۆلاین کارا کرا؛ ئەنجامەکەت بزانە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا و زیاتر لە 53 هەزار قوتابی وەرگیراون. بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێن، ئەوانەشی وەرنەگیراون وەردەگیرێن. دەشڵێن، ئەمساڵ 64 بەش کەمتر لە 10 خوێندکار داواکاریی وەرگرتنیان پێشکەش کردووە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-11-2024) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024 - 2025 رادەگەیێندرا.
وەزیری خوێندنی باڵا: 100%ـی دەرچووان وەردەگیرێن
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە گوتی: "ئەوانەی داواکارییان پێشکێش کردووە لە زانکۆلاین، 96٪ـیان وەرگیراون، بەڵام 100٪یان وەردەگیرێن."
سەبارەت بەو 4٪ی خوێندکارانەی وەرنەگیراون، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بووە."
"13 هەزار کورسی بەتاڵ ماونتەوە"
ئەمساڵ 56 هەزار و 130 دەرچووی 12ـی ئامادەیی هەبوون. 41 هەزار و 277 زانستی، 13 هەزار و 541 وێژەیی، 902 پیشەیی و 410 دەرچووی خوێنگە نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆنفرانسەکەدا د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "پلانی وەرگرتمان 64 هەزار و 761 کورسی بووە و هیچ ساڵێک نەگەیشتووین بەم پلانە، ئامانجیشمان وەرگرتنی هەموو دەرچوووان بووە".
بە دەرچووانی ئەمساڵ و ساڵانی رابردووەوە، بۆ خوێندنی ساڵی 2024 – 2025، 55 هەزار و 871 قوتابی داوای وەرگرتنیان کردووە؛ 51 هەزار و 579 دەرچووی زانستی و 7 هەزار و 364 وێژەیی.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەری گشتییە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، 13 هەزار کورسی بەتاڵ ماونەتەوە و هەر دەرچوویەک وەرنەگیرابێت وەردەگیرێت.
خوێندنی باڵا: لە ناوچە دابڕاوەکان 804 دەرچوو وەرگیراون
ئەمساڵ هەزار و 353 دەرچووی 12ـی ئامادەیی لە ناوچە دابڕاوەکان داواکاری وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومەییەکانی هەرێمی کوردستان پێشكێشکردووە و 804 کەسیان وەرگیراون. خەتاب ئەحمەد دەڵێت، ئەوانەشی ماونەتەوە وەردەگیرێن.
بەگشتی ئەمساڵ 53 هەزار و 79 دەرچووی 12ـی ئامادەیی وەرگیراون و جگە لە دەرچووانی خوێندگە ئاینییەکان، کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەرگرتنیان رابگەیێندرێت.
زانکۆکان سەرپشککراون کە دەتوانن لە 10ـی ئەم مانگەوە خوێندنی قۆناخی یەکەم دەستپێبکەن. خەتاب ئەحمەد گوتی، دەبێت دەرچووان سەردانی ئەو زانکۆ و بەشانە بکەن کە لێی وەرگیراون و رێکارەکان تەواو بکەن.
خوێندنی باڵا: وەرگرتنی کەفالەت لە دەرچووان دوادەخرێت
ساڵانە لە دەستێکی خوێندنی قۆناخی یەکەمدا، ئەو کێشەیە بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی درووست دەبێت کە دەبێت بۆ وەرگرتن کەفیل ببەن. بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "داوامان لە زانکۆکان کردووە کارە کارگێڕییەکانی وەرگرتن تەواو بکەن و دواتر داوای کەفیل بکەن، بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ وەرگرتنی دەرچووان بکرێت".
هەموو دەرچوویەک ئەو مافەی هەیە داوای گواستنەوەی بەشەکەی بکات، ئەویش بەگوێرەی نمرەکەی و توانای ئەو بەشەی داوای دەکات.
"64 بەش کەمتر لە 10 کەسی لێ وەرگیراون"
لەبارەی ئەو بەشانەی زانکۆکان کە زۆرترین خواستیان لەسەرە خەتاب ئەحمەد گوتی: "پزیشک و ئەندازیارییەکان زۆرترین خواستیان لەسەرە. هەروەها هەندێک بەشی نوێ کراونەتەوە خواستی زۆریان لەسەرە وەکو بەشی ژیریی دەستکرد، کە ئەمساڵ لە چەند زانکۆیەک کراوەتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ کەمترین خواست لە 64 بەشدا تۆمار کراوە، کە ئەو دەرچووانەی لێی وەرگیراون کەمترن لە 10 قوتابی، تێیاندایە نۆ قوتابی وەرگرتووە و هەشیانە سفر.
خەتاب ئەحمەد گوتیشی، دەسەڵاتیان داوەتە زانکۆکان بۆ ئەو بەشانەی کەمترین خواستیان لەسەرە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و ئاڕاستەی وەزارەتی بکەن.