کەشناسی: لە هەولێر و سلێمانی لێزمەباران و لە دهۆک و کەرکووکیش نمەباران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بارانبارین لە باشووری کوردستان دەستپێدەکاتەوە و لە چەند ناوچەیەک بارانی بەلێزمە دەبارێت. کەشناسێکیش دەڵێت "تاوەکو سبەی لە ناوچە نزمەکانی پارێزگاکانی هەولێر و، سلێمانی ئەگەری لافاو هەیە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسییی هەرێمی کوردستان "ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-11-2024) لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت. لە نیوەڕۆوە دووبارە بارانبارین دەستپێدەکاتەوە؛ دوای نیوەڕۆ رێژەی بارانبارین زیاد دەکات بۆ لێزمە بارانی ناو بەناو".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە رایگەیاندووە "شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە دەستپێدەکاتەوە. بارانبارینەکە مامناوەند دەبێت؛ لە بەشێکی سنوورەکەش باران بەلێزمە دەبارێت." 
 
لەبارەی پارێزگای دهۆکیشەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە سنووری پارێزگاکە و ناوچە شاخاوییەکانی و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، "نمە بارانی پچڕ پچڕ لە هەندێک ناوچە دەبارێت." 
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کەرکووک و گەرمیان کردووە و رایگەیاندووە، نمەباران دەبارێت و لە شەودا کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت.
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو بارانەی لە دوێنێوە بە رێژەی باش باریوە، بەگوێرەی پێشبینییەکان و لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوو، بەڵام شەپۆلەکە بەردەوامە و هێشتا مەترسیی لافاو هەیە."
 
ئەو کەشناسە گوتیشی "قۆناخێکی دیکەی بەهێزی شەپۆلەکە لە جوڵەدایه لە هەردوو دەریای سوور و نێوەڕاستەوە و لە زۆرینەی ناوچەکان بارانی زۆر و هەورەبرووسکە بە رێگەوەیە، بەتایبەت لە سنووری هەولێر و سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، هەروەها کۆیە و شارەزوور."
 
بە گوتەی شاڵاو هیدایەت "لە بەشێکی ناوچەکان و بەتایبەت ناوچە نزمەکانی سنووری هەولێر، سلێمانی، گەرمیان و شارەزوو لە ئەمڕۆوە بۆ نیوەڕۆی سبەی، ئەگەری لافاو هەیە." 
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە رایگەیاندووە، شەپۆلی بارانبارین لاواز دەبێت و نمەباران دەبارێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما، سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 21 پلەی سیلیزی
دهۆک: 24 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 24 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 12 پلەی سیلیزی