پاسەکانی هاتووچۆی گشتی لە سلێمانی دەگۆڕدرێن
رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی دەڵێت، لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە ئاسانکاریمان بۆ کراوە، تاوەکو پاسە کۆنەکانی هاتووچۆی گشتی بگۆڕین بۆ پاسی مۆدێرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3 تشرینی دووەم، ئازاد ئەحمەد، کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمپانیایەکی چینی لەگەڵ چەند کەسێکی ژووری بازرگانی سەردانیان کردووین، ئامادەییان نیشانداوە بۆ گۆڕینی پاسەکانمان بە پاسی مۆدێرن و نرخێکی گونجاو."
کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی گوتی: "هەر شتێکیش کە لە بەرژەوەندی و سوودی شوفێران بێت ئێمە جێبەجێی دەکەین و پێمان خۆشە."
گوتیشی: "گۆڕینی پاسەکان ئارەزوومەندانەیە، کەس زۆری لێناکرێت و نرخەکەش بە گوێرەی توانای شۆفێران دەبێت تا بتوانن لێ سوودمەند بن."
هاوکات ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، بۆ گۆڕینی پاسی هێڵی گەڕەکەکان، کۆمپانیایەکی چینی ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی پاسی کوالێتی بەرز و گونجاو بۆ هاتووچۆکردن لە ناو شار و گەڕەکەکاندا.
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک هێڵی گواستنەوەی ناوخۆی گەرەکەکانمان هەیە کە رۆژانە هاونیشتمانیان دەگوازنەوە، هەندێک لەو پاسانە کۆن بوون و توانای کارکردنیان وەک پێویست نییە، لەڕووی ژینگەییشەوە لەگەڵ ستانداردی جیهانیدا نین، بۆیە دەمانەوێت ئەو پاسانە بگۆڕدرێت بە پاسی مۆدێل بەرز و دۆستی ژینگە وە هاووڵاتییان بتوانن بە پاسی گونجاو و مۆدێل بەرز هاتووچۆ بکەن."
رۆژی 16ی ئەیلوولی 2024، ئازاد ئەحمەد، کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج دا باسی لەوە کرد، " کۆنترین پاسمان بە نزیکەیی ساڵانی هەشتایە. مۆدێلەکانی 80، 82 و 83ی تێدایە. ئێمە چەند جار داوامان کردووە ئەم پاسانە بگۆڕدرێن. ساڵی 2009 خۆم لە سەندیکا بووم و ئەوکات سەندیکا ئەو داواکارییەی پێشکێشکرد. رێکارەکانی گۆڕینی پاسی کۆن تەواوکران، بەڵام جێبەجێ نەکرا".
پاسە کۆنەکان فێنککەرەوەیان نییە یان لەکارکەوتووە. نوێیەکانیش لەبەر نرخ و کوالێتیی بەنزین، فێنککەرەوە هەڵناکەن. ئەمە گلەیی و رەخنەی خەڵکی بەدواداهاتووە.
هەروەها ئارام بابان، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی گوتی، حکومەت دەستی لە گواستنەوەی گشتی کێشاوەتەوە.
هەر شۆفێرێک بیەوێت پاسە کۆنەکەی بگۆڕێت، دەبێت 500 هەزار دینار بدات. لەکاتێکدا داهاتی رۆژانەی ئەو شۆفێرە، 35 هەزار دینارە.
ئەمە وایکردووە تەنیا لە سلێمانی رۆژانە 150-200 پاسی کۆن بە هەموو مەترسییەکانەوە خەڵک بگوازنەوە.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی سلێمانی کراوە، ساڵی 1999 ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس بووە، بەڵام ئیستا ژمارەی دانیشتوانی گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس. هەروەها لە ساڵی 1999دا بۆ هەر 100 کەسێک سێ ئۆتۆمبێل لە سلێمانی هەبووە، بەڵام ئێستا بۆ هەر 100 کەسێک 37.6 ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت.
بە پێی ئەو داتایانەی لە توێژینەوەکەدا کۆکراوەتەوە، 1450 پاس لە سلێمانی هەیە، 1151یان مۆدیلەکانیان لە دوای ساڵی 2001ـەوەن و بەشێکی زۆری پاسەکان کۆنن.
لە ساڵی 2017 زۆرترین ژمارەی پاس هەبووە لە سلێمانی کە 7 ساڵ تەمەنیان بەسەردا تێپەریوە و ژمارەیان 453 پاس بووە.
شۆفێری پاس لە سلێمانی رۆژانە 35,000 دیناری دەستدەکەوێت. لە باشترین دۆخدا پاسێک لە نێوان 13 بۆ 20 رۆژ لە مانگێکدا کار دەکات، رۆژەکانی دیکەی مانگ شۆفێرەکە دەبێ لەسەر گیرفانی خۆی بژیت.
هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، دهوک، سلێمانی و هەلەبجە) پێکەوە 25.5٪ لێخۆرەکانی هەموو عێراق پێکدێنن. لە کاتێکدا لە 14٪ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنین.
بە پێی ئاماری فەرمی لە ساڵی 1999دا 43,000 ئۆتۆمبێل لە پارێزگای سلێمانی هەبووە، لە ساڵی 2005دا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 93,000 ئۆتۆمبێل. ئێستا ژمارەی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی گەیشتووەتە 721,000 ئۆتۆمبێل، کە ئاماری ساڵی 2024ی تێدا نییە.
لە ماوەی 19 ساڵدا زیاتر لە 600 هەزار ئۆتۆمبێل لە سلێمانی زیاد بووە. لە نێو ئەو ژمارەی زۆرەی ئۆتۆمبێلدا هەندێک جۆری ئۆتۆمبێل هەن کە زۆربەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ناوچەی سلێمانی بەهۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەن.
بە پێی داتای رۆپیوییەک کە لە سلێمانی کراوە، بەیانیان کە خەڵک دەچنە سەر کارەکانیان، لە نێوان 40٪ تا 50٪ی ئۆتۆمبێلەکان تەنیا یەک کەسی تێدایە. لە 30٪یان دوو کەسی تێدایە، لە 17٪یان سێ کەسی تێدایە، کەمترین رێژەش چوار کەسی تێدایە.