وەزارەتی ناوخۆ: فرۆشیارانی سیمکارتی تۆمارنەکراو، سزای گەورەی دارایی دەدرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە و رایان دەسپێرێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو فرۆشگایانە بگرنەبەر، کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پڕۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی تشرینی دووەم، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێنداوێکدا بڵاویکردەوە، "بەمەبەستی خێراکردنی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی سیمکارت لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆمارکردن، لیژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەک بگڕنەبەر، کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پڕۆسەی تۆمارکردنی یاسایی".
وەزارەتی ناوخۆ گوتی، "لەسەر ئەم بابەتە سزای ژمارەیەک فرۆشگا درا و داخران، بەدواداچوونی رۆژانەش بەردەوامە، رێوشوێنی یاسایی تووند لە بەرامبەر هەر کەس و فرۆشگا و بریکارێک دەگیرێتە بەر کە سیمکارت لە بازاڕ بفرۆشێ و بە ناوی کڕیار تۆماریان نەکات".
گوتیشی، "فرۆشتنی سیمکارت لە بازاڕ بێ تۆمارکردن، دەرگاکردنەوە و دەرفەت دروستکردنە بۆ تاوانکاران، تاوەکو بەو سیمکارتانە تاوان بکەن و هەوڵبدەن خۆیان لە یاسا بشارنەوە. ئەمەش بەشداریکردنە لە تاوان و وەزارەتی ناوخۆ رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتیان".
بەگوێرەی بڕگەی دووەم لە مادەی 6 لە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ، ژمارە 8ی ساڵی 2021ی هەموارکراو، سەرپێچیکار بەرامبەر هەر سیمکارتێکی دەست بەسەرداگیراو بڕی 3 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 31-10-2024، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە بەشداری نوێنەری حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوە.
هەر ئەو رۆژە بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیاریانداوە، لە یەکێکیاندا هاتووە: "لیژنەی تایبەتمەند لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کاری پێویست بکات، بە چاودێریکردنی بازاڕ و دەستگرتن بەسەر ئەو سیمکارتانەی لە دەرەوەی رێوشوێنە یاساییەکان دەفرۆشرێن".
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی وەزارەتی ناوخۆ کۆمپانیاکانی ناچار بە جێبەجێکردن دەکات، ئەوەیە، بریکارە سەرەکی و لاوەکییەکانی فرۆشتنی سیمکارت دەبێت فۆڕمی خۆتۆمارکردن پڕبکەنەوە، بە پێچەوانەوە بریکاردارێتی فرۆشتنی سیمکارتی لێ وەردەگیرێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەر شوێنێک سیمکارتی بەبێ رێکارە یاساییەکان لێ بفرۆشرێت دادەخرێت و بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ سزای پێبژاردنی بۆ دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، لە رێگەی فرۆشیاری گەڕۆکەوە سیمکارتی کۆمپانیاکانی پەیوەندی دەفرۆشرێن بەبێ تۆمارکردنی بەناوی کەسی کڕیارەوە.