فەرەنسا لە شەڕی داعشدا هاوکارێکی سەرەکیی پێشمەرگە بوو


رووداو دیجیتاڵ 

زۆرن ئەو وڵاتانەی هاوکاریی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگەیان کردووە، بەڵام هاوکارییەکانی فەرەنسا لە هەموویان زیاتر بوون، هاوکارییەکان و تیمە سەربازییەکەی فەرەنسا دەستبارێکی باش بووە بۆ هێزی پێشمەرگە و بە راوێژی ئەوان و چەک و تەقەمەنییەکانیان، پێشمەرگە زووتر بەسەر داعشدا سەرکەوت.
 
مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە لەوبارەیەوە دەڵێت، "وەکو هێزەکانی 70 و 80 و وەکو وەزارەتی پێشمەرگەش، فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانەبووە هاوکارێکی بێ ئەندازەی کردووین و لە یەکەم رۆژی شەڕی داعشەوە لەگەڵمان دانەبڕاون و پشتیوانییەکی چاکیان لێکردووین."
 
هاوکاریی فەرەنسا بۆ پێشمەرگە لە زەوی و ئاسمانەوە بوو، کاتێک دۆشکەی کانۆی 40 ملیمی و دۆشکەی ناتۆی 12.7ـی گەیاندە دەستی پێشمەرگە، داعش کەمتر وێرای تخونی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بکەوێت و خۆی لەبەر هێرشەکان رابگرێت. 
 
ئێستا فەرەنسا لە دوای ئەمریکاوە دێت لە جێگیرکردنی ژمارەی سەرباز و راوێژکارانی لە هەرێمی کوردستان و کۆمەک و هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە.
 
هەژار ئیسماعیل، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا ئەرکەکەیان لە هێزی شەڕکەرەوە گۆڕاوە بۆ راوێژ و پاڵپشتیی لۆجیستی. فەرەنسا ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستانن و پاڵپشتی و راوێژ بە هێزەکان دەدەن. هەروەها ئەندامە لە پڕۆژەی ئەرکی ناتۆ لە عێراق."
 
تاوەکو ئێستا راوێژکارانی سەربازیی فەرەنسا هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگەن بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و مەشق و راهێنانی سەربازی.