مانگێکی دیکە کاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگە تەواودەبێت

رووداو-هەولێر

کاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر بە چڕوپڕی بەردەوامە و ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەڵێت، لەماوەی مانگێکی دیکە کۆتایی بەکارەکانیان دەهێنن.


فەرهاد دۆڵەمەڕی پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "بەپێی راپۆرتی بەرگری شارستانی و ئەو تیمانەی کاری لێکۆڵینەوەیان بۆ هۆکاری سووتاندنی دووکانەکان کردووە، 1654 دووکان سووتاون، بەڵام لەبەر ئەوەی لەنێو بازاڕی لەنگە چەند عەرەبانەیەک لەبەردەم دووکانەکانیش سووتاون لەنێو راپۆرتەکە کراوەتە 1800 دووکان، بۆ ئەوەی تەواوی ئەو کەسانەی لەنێو بازاڕی لەنگە زیانیان پێگەیشتووە قەرەبوو بکرێنەوە".

لەدوای هەفتەیەک لە سووتانی بازاڕەکە، ئێستا خەڵک خۆیان دەستیانکردووە بە دووبارە نۆژەنکردنەوەی دووکانەکانی خۆیان، دووکاندارەکان داوایانکردبوو بە خێرایی نۆژەنبکرێتەوە، پارێزگاری هەولێریش داوایکردبوو خۆیان کارەکانی نۆژەنکردنەوەی دووکانەکانیان بکەن و دواتر لەرێگەی لیژنەیەکەوە قەرەبوو دەکرێنەوە. بەشێکی زۆر لە دووکانەکان دیوارەکانیان خەریکە تەواو دەبن و بەشێکیشیان بناخەیان دانراون و کار تێیاندا بەردەوامە. هەندێک لەوانەش کە دووکانەکانیان زیانی بەر نەکەوتبوو بەڵام لەبەر ئەوەی کۆن بوون ئەوانیش رووخاندوویانە و دەیانەوێت سەرلەنوێ بیکەنەوە.

نەخشەی نوێی بازاڕی لەنگە کە وەزارەتی شارەوانی داینابوو تەواو بووە و بڕیارە لیژنەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دوای چاوخشاندنەوە پێیدا، نەخشەکە پەسندبکەن. هەڵگورد وەلی، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو دووکانداران لەسەر رەزامەندی خۆیان دووکانەکانیان نۆژەنکردووتەوە و رازی بوون لەسەر رووبەری دووکانەکانیان. ئێمە زیاتر سەرپەرشتی ئەوەمان کردووە کە وەکو پێشووتر زیادەڕۆیی نەکرێت، بەڵام دروستکردنەوەی ئەمجارە وەکو جاری پێشوو نابێت، دیارە جاری پێشوو زیادەڕۆییەکی زۆر هەبوو هەر ئەوەش هۆکاری تەشەنەسەندنی زۆربوونی ئاگرەکەبوو و رێگە نەبوو تیمەکان بچنە ژوورەوە. لەمەوبەدوا رێگردەبین لە سەرپێچییەکان".

ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە گوتی: "لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆکی حکومەت چوار لیژنەی تەکنیکی پێکهێنرابوون بۆ ئاگرکوژێنەوە، ئاو و کارەبا، مەجاری و رێگاوبانە لەنێو بازاڕەکەدا. لیژنەکان خەریکی کاری رووپێوین و دوای تەواوبوونی هەیکەلی دووکانەکان راستەوخۆ دەستدەکەین بە راکێشانی بۆری ئاگرکوژێنەوە بۆ دووکانەکان. ئێستا بە سیستەمێکی پیشکەوتوو ئاگرکوژێنەوە بەبەردەم هەموو دووکانەکاندا دەبردرێت و رێگر دەبین لە دووبارەبوونەوەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگە".

سەبارەت بەوەی کەی کاری بازاڕەکە تەواودەبێت و دووکاندارەکان دەتوانن دووکانەکانیان بکەنەوە، هەڵگورد وەلی گوتی: "بۆ ئەوەی کارەکان بە خێراترین شێوە بەرەوپێش بڕۆن، یەکسەر چوار لیژنەکە هاتووینەتە ئێرە و بەردەوام خەریکی کارین، هەوڵدەدەین لە ماوەی مانگێک یان کەمێک زیاتر کارەکانمان تەواوبکەین".

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان