وەزارەتی پەروەردە هەفتەیەک پشووی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردە رایگەیاند، بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە 15 تاوەکو 21ـی ئەم مانگە پشووی فەرمییە.
رۆژی 18ی ئۆکتۆبەر، دەنگدانی تایبەت و 20ی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەدەچن. بانگەشەی هەڵبژاردنیش 20 رۆژ بەردەوام دەبێت، واتە تاوەکو رۆژی 15ـی ئۆکتۆبەری 2024.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی وەزاریی تایبەت بەو هەفتە پشووە دەرکرد.
وەزیری پەروەردە لە پۆستێکی فەیسبووکدا دەڵێت، "لە 15ی ئەم مانگەوە تاوەکو 21ی مانگ، پشووی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنە، بە حکومی و ناحکومی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانیشەوە؛ 22ی 10 دەوامی ئاسایی هەموو ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکاتەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داوامان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە کە پێنج رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی تاوەکو رۆژێک دوای هەڵبژاردن، (لە 15 تاوەکو 21ی ئۆکتۆبەر) بکرێتە پشوو".
راشیگەیاند، "داوامان کردووە ئەو قوتابخانانەمان رادەست بکەن کە وەکو بنکەی هەڵبژاردن دیاریکراون، چونکە بۆ گواستنەوەی ئامێر و کەلوپەلەکانمان پێویستمان بە چەند رۆژێک دەبێت".
لەبارەی ئامادەکارییەکان نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوەدا، "95٪ی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بە سەرکەوتوویی و بەبێ کێشە تەواو بوون".